هەڵگورد نەجیب: پرۆژەی بەرزەپردی سۆران کێشەی هاتوچۆ چارە دەکات
سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: پرۆژەی بەرزەپردی دەروازەی سۆران، وێڕای ئەوەی کێشەی هاتوچۆ چارە دەکات، سیمایەکی جوانتریش بە شارەکە دەبەخشێت.
دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە میانی بەشداریی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: ئەوەی ئێمە ناومان ناوە شۆڕشی ئاوەدانی بەردەوامە و، پرۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەکانی ئیدارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جەختی لەسەر دیدگای درێژخایەنی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کردەوە بۆ گۆڕینی سۆران بۆ ناوچەیەکی گەشتیاریی جیهانی، یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکان بۆ ئەم مەبەستە، ڕێگەوبانە کە شادەماری هەردوو کەرتی گەشتیاری و بازرگانیشە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، بەرزەپردی دەروازەی سۆران، وەک دەروازەی شارەکە بە پرۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگ ناو برد و ڕوونی کردەوە، ئەم پردە جووڵەی بازرگانی و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە سەنتەری شار جیا دەکاتەوە، کە پێشتر دەبوونە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر، ئەمەش نه تەنیا کێشەی هاتوچۆ چارە دەکات، بەڵکوو سیمایەکی جوانتریش بە شارەکە دەبەخشێت.
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاشکرای کرد، پلانی گەشتیاریی گشتگیر (ماستەرپلان) لە ئارادایە کە خودی سەرۆک وەزیران سەرپەرشتیی دەکات. ئەم پلانە پەرەپێدانی ناوچە گەشتیارییەکانی وەک گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ لەخۆ دەگرێت، بە شێوەیەک کە ژینگەی ناوچەکە بپارێزرێت، بۆ نموونە لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەلەفریک بۆ گەیشتن بە هەندێک شوێن لە بری دروستکردنی ڕێگەی نوێ.
هاوکات دووپاتی کردەوە، ئەم پرۆژانە هەلی کاری زۆر بۆ گەنجانی دەڤەرەکە دەڕەخسێنن. جەختی لەوەش کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبی گەنجان گرنگییەکی تایبەت بەو توێژه دەدات.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزەپردی دەروازەی سۆرانی کردەوە کە پڕۆژەیەکی ستراتیجی و بەرزترین بەرزەپردە لە هەرێمی کوردستان، ئەم پرۆژەیە ساڵێک پێش وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو کراوە و دەخرێتە خزمەتی ڕێبوارانی دەڤەرەکە.
