عێراق.. هاوردەکردنی ئاژەڵی بەڕازیلی نیگەرانی لێدەکەوێتەوە
کاروانێکی دیکەی مانگا لە بەرازیلەوە بۆ عێراق لە ڕێگەی بەندەری تارتوسی سووریاوە، جارێکی دیکە مشتومڕ و نیگەرانییەکی قووڵی لەنێو پسپۆڕانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵی لە عێراقدا دروست کردووەتەوە. ئەمەش ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاژەڵان زیاتر دەکات.
بەرپرسانی سووری، گەیشتنی ئەم کاروانانە بە نیشانەی بووژانەوەی ڕۆڵی بازرگانیی وڵاتەکەیان دەزانن و جەخت دەکەنەوە "سەرجەم ستانداردە نێودەوڵەتییەکان" و پشکنینی ڤێتێرنەریی پێویست لە بەندەری تارتوس بۆ ئاژەڵەکان ئەنجامدراوە پێش ئەوەی بەرەو عێراق بەڕێبکرێن.
شارەزایانی عێراقی متمانەیان بەم ڕێکارانە نییە. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن چەند مانگێک لەمەوبەر، هاتنی کاروانی هاوشێوە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کوشندە و مردنی هەزاران ئاژەڵی ناوخۆیی.
دەشڵێن: زۆربەی کاروانە هاوردەکراوەکان پشکنینی وردیان بۆ ناکرێت. هەندێکیان بە قاچاخ یان بە بەڵگەنامەی تەندروستیی ساختەی وڵاتانی ترانزێت دێنە ناوەوە."
هۆکارەکان و مەترسییەکان:
1. گواستنەوەی ئاژەڵەکان لە ئەمەریکای لاتینەوە ماندوویان دەکات و بەرگرییان لاواز دەکات.
2. نەبوونی سیستمێکی چاودێریی تۆکمە لەسەر سنوورەکانی عێراق، مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک "تا"ی خوێنبەربوون و "پێستی گرێدار" زیاد دەکات.
3. ئەم دیاردەیە نەک هەر هەڕەشەیە لەسەر سامانی ئاژەڵی ناوخۆیی، بەڵکو کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی گۆشت و ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکەش دادەنێت.
پسپۆڕان داوای پێکهێنانی "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە" دەکەن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی ئەم کاروانانە و داوا دەکەن سیستمێکی بەدواداچوونی ئەلیکترۆنی بۆ هەر ئاژەڵێکی هاوردەکراو دابنرێت.
هەروەها دەڵێن؛ کێ بەرپرسە لە پشکنینی کۆتایی ئەم ئاژەڵانە لەناو خاکی عێراقدا، پێش ئەوەی کارەساتێکی دیکەی تەندروستیی ڕووبدات؟
