شاری فەرمانبەرانی خورماڵ لە چوار ساڵدا تەواو دەکرێت

بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی شاری فەرمانبەران لە شارۆچکەی خورماڵ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و بڕیارە لە ماوەی چوار ساڵدا تەواو بکرێت. 

ئەم پڕۆژەیە، یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییانی شارەکە لە کاتی سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ خورماڵ، 250 یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوەی قیستی 10 ساڵە بۆ فەرمانبەران دابین دەکات.

پڕۆژەی شاری فەرمانبەران لە خورماڵ بە گوژمەی 20 ملیار دینار دروست دەکرێت و دەکەوێتە سەر ڕێگای هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا. کۆمپانیایەکی ناوخۆیی ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە گرتووەتە ئەستۆ. 

هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون ڕووبەرەکەی 200 مەتری دووجایە، بە قیستی درێژخایەنی 10 ساڵ دەدرێتە فەرمانبەران.

ئالان عومەر، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی گوت، پڕۆژەکە لە دوو بەش پێکدێت؛ بەشی یەکەم لەسەر ڕووبەری 60 هەزار مەتر دووجایە، بەشی دووەمیش ڕووبەرەکەی 51 هەزار مەتر دووجایە. بەشێکی زۆری ڕووبەری پڕۆژەکە، 25%ی بۆ سەوزایی و 28%ی بۆ دروستکردنی شەقام و شۆستە تەرخانکراوە، ئەمەش سیمایەکی جوان و مۆدێرن بە شارەکە دەبەخشێت.

دڵشاد ئیسماعیل، یەکێک لەو فەرمانبەرانەی لە پڕۆژەکەدا یەکەیەکی نیشتەجێبوونی دەستنیشان کردووە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: "جگە لەوەی پڕۆژەکە سیمای شاری جوان کردووە، هاوکات هەلی کاری بۆ ژمارەیک خەڵک ڕەخساندووە. هەروەها لە ڕووی دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوونەوە بۆ هاووڵاتییان گرنگی زۆری هەیە. من یەکێکم لەو کەسانەی دوای چەندان ساڵ بووم بە خاوەنی خانووی خۆم."

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، جگە لە چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون و کەمکردنەوەی قەیرانی کرێچیێتی، وەک پاڵپشتییەک لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاداشتێک بۆ خزمەتی چەندان ساڵەی فەرمانبەرانی ناوچەکە سەیر دەکرێت.

 دروستکردنی یەکە نیشتەجێبوونەکان یەکێکە لە پایەکانی بەرەوپێشبردنی وڵات و هاوکارە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی دارایی، هەر بۆیە ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، هاوکات پێزانین و پاداشتە بۆ خزمەتی چەندان ساڵەی فەرمانبەرانی ناوچەکە.

 
Fly Erbil Advertisment