دوای 26 ساڵ گەشتی ئاسمانی نێوان عێراق و یۆنان دەست پێدەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی یۆنان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و یۆنان دەست پێدەکەنەوە، ئامانجیشیان زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ عێراق، بە تایبەت لە هەردوو کەرتی بازرگانی و گەشتوگوزاردا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2025، گۆرگۆس گیراپێتریتیس وەزیری دەرەوەی یۆنان، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوەوە، دواتر لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا گوتی؛ گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوان بەغدا و ئەسینا لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەست پێدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ وڵاتەکەی عێراق یەکێکە لە هاوبەشە گرنگەکان، لە چەندین بواری جیا جیادا،هەر بۆیە یۆنان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت.
گیرابتریتیس، باسی لەوەکردوە، شەرەفێکی گەورەیە ئەمڕۆ لە یەکێک لەو وڵاتانەیە خاوەنی شارستانییەتێکی کۆن و گەورەیە.
هاوکات گوتی، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئاسانکاری دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، ئاڵوگۆڕی بارزگانی و گەشتوگوزار، لە بارەی کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیشەوە.
هەروەها وەزارەتی گەیاندنی حکوومەتی فیدراڵی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دوای 26 ساڵ لە ڕاوەستانی گەشتی ئاسمانی یۆنان بۆ عێراق، دواجار کۆمپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانی یۆنان (ئایەر مێدیترینیان) گەشتەکانی بۆ بەغدا دەست پێدەکاتەوە.
گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و یۆنان لە دوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ساڵی 1991، گەشتەکان ڕاگیرا، بەڵام ئێستا هەردوو وڵات ڕێککەوتوون هەفتانە 10 گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەردوو وڵات بکرێن، هاوکات دوو گەشتی دیکەش تایبەت بە گواستنەوە و گەیاندنی کەلوپەل و کاڵا دەکرێت.
