باوکی ئەو پێشمەرگەیەی پەکەکە شەهیدی کرد: ئەوەی بەرامبەر ئێمە کرا، دوژمنایەتییە نەوەک کوردایەتی

"رەوشی خێزانەکەی ناجێگیرە و کوڕەکەم هەموو گیانی ساچمە و برین و شوێنی گوللـە بوو"

K24 - هەولێر

لە ئەنجامی هێرشەکەی دوێنێی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ سەر هێزێکی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری دهۆک، پێشمەرگەیەک شەهید بوو. باوکی ئەو پێشمەرگەیە رەخنە لە کارەکەی پەکەکە دەگرێت و دەڵێ "بەڕاستی ئەوەی ئەوان کردیان، دوژمنایەتییە نەوەک کوردایەتی".

هێرش جەوهەر، چەند رۆژێک بوو گەڕابووەوە سەر کارەکەی کاتێک بەیانیی دوێنێ (4-11-2020) لە سنووری ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک شەهید بوو. ئەو، لەدوای خۆی دایک و باوکێکی بەتەمەن و چوار منداڵ و هاوژینەکەی بەجێهێشت.

جەوهەر، باوکی پێشمەرگە شەهیدەکە، لە ماڵەکەی خۆیەوە قسەی بۆ کوردستان24 کرد و، باسی ئەوەی کرد چۆن کوڕەکەی بە شەهیدی بینیوە، هەروەها پەیامێکیش بۆ پەکەکە و سەرکردایەتیی ئەو حیزبە دەنێرێت.

جەوهەر گوتی "کوڕەکەمان ماوەیەکی زۆرە، نزیکەی 18 ساڵ دەبێت پێشمەرگەیە، لەو چوار بۆ پێنج رۆژەی دوایی لەگەڵ عەقید شەیدا چوونەتە لای دهۆک و چیای مەتین. کوڕەکەم پێش ئەوەی شەهید ببێت، لەگەڵ دایکی قسەی کردووە و گوتوویەتی لە شوێنێکی خۆشین لەگەڵ برادەرە بەرپرسەکان سەردانی بارەگاکانی پێشمەرگە دەکەین لەو سنوورە".

"هەواڵی برینداربوونی هات، بەڵام زانیمان شەهید بووە"

باوکی پێشمەرگە شەهیدەکە باس لەوە دەکات کاتێک هەواڵیان پێگەیشتووە، کوڕەکەیان بریندارە، ئەوان زوو زانیویانە شەهید بووە، دەڵێ "نزیکەی کاتژمێر 11:30 بوو هەواڵمان بۆ هات، بە دایکیان گوت هێرش بریندار بووە و سەلامەتە، لەبەر دڵی دایکی، بەڵام ئەوەندەی پەیوەندیمان پێوە دەکرد، وەڵامی نەبوو بۆیە زانیمان شتێک روویداوە، بەدواداچوونمان کرد و گەیشتینە ئەو ئەنجامەی گوتیان لە فریاکەوتنی دهۆکە".

پەکەکە چۆن هێرشەکەی ئەنجامداوە؟

پەکەکە کاتێک هەستیان کردووە ئەوان بەو رێگایەدا دەڕۆن و سەردانی ناوچەکە دەکەن، بۆمبیان بۆ لەسەر رێگا داناون، جەوهەر دەڵێ "وەک بیستوومە، کەمینیشیان بۆ داناون".

"هەموو گیانی ساچمە، برینی گەورە و شوێنەواری گوللـە بوو"

یەکێک لە زەحمەتترین کاتەکانی ژیان، ئەوەیە کەسێک ئازیزێکی لەدەست بدات، زەحمەتییەکە بۆ باوکی هێرش چەند هێندە بووە، بەتایبەتی کاتێک سەیری تەرمی کوڕەکەی کردووە پێش ئەوەی بیشۆن و بینێژن.

جەوهەر باس لەوە دەکات "کاتێک لە ماڵەوە دەیانویست تەرمەکەی بشۆن، سەیری تەرمەکەم کرد، بینیم هەموو گیانی ساچمەیە، جگە لەوەش برینێکی گەورەی بە سەرییەوە بوو، هەروەها ملیشی شوێنی گوللـەی پێوە دیاربوو. من، هەر ئەوەندەم بینی، بەڵام دەڵێن گوللـەی دیکەشی پێوەبووە".

پەیامی باوکە جگەرسووتاوەکە بۆ پەکەکە

باوکی پێشمەرگە شەهیدەکە دەڵێ "پەیامی من بۆ جەماعەتی پەکەکە ئەوەیە: چیدیکە کوڕی خەڵک بە کوشتن و شەهیدکردن مەدەن، مەبنە کۆسپ لەبەردەم کورد و کوردستان. پەکەکە خاکی ئێمەیان داگیرکردووە و رۆژانە خەڵک بە نائارامی دەژی بەهۆی فڕۆکەی تورکیا، کە رۆژانە و شەوانە بەسەریانەوە دەسووڕێنەوە، خەڵک بەهۆیانەوە گوندەکانیان چۆڵ کردووە، خۆشترین شوێن و باشترین شوێنیان (لە هەرێمی کوردستان) داگیرکردووە، کە پێشمەرگەش دەچێت، دەڵێن ئەوە سنووری ئێمە، مەیەنە سنووری ئێمە!".

هەروەها دەڵێ "لەناو خاک و حەوشە و سنووری خۆمانین، هێشتا ئەوان دەڵێن سنووری ئێمەیە، سەرەڕای ئەوەش بۆمبیان داناوە و گوتوویانە تەجاوز مەکەن!".

"کارەکەکە تیرۆریستییە"

باوکی هێرش، پەکەکە تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی و ئاماژە بەوە دەکات "پەکەکە کارێکی تیرۆریستی دەکات، دوژمنی کورد و کوردستانن و بەگوێی داگیرکەران دەکەن، ئەگەرنا چۆن لەوکاتە ناسکەدا کە گەلی کورد لە حاڵێکی ئابووریی سەختە، دوژمن چواردەورەی داوین، ئەوان دەبنە جێبەجێکاری پلانی دوژمنان. ئەوانە بە ناوی کوردایەتی وادەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە کوردایەتی نییە، تیرۆرستییە و دوژمنایەتییە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کورد".

پەیامی بۆ سەرکردەکانی پەکەکە

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی بۆ سەرکردایەتیی پەکەکە، باوکی پێشمەرگە شەهیدەکە دەڵێ "بۆ سەرکردەکانی پەکەکە، کە ئەو مەفرەزانە دەنێرن تاوەکو ئەوجۆرە کارانە بکەن، بەڕاستی ئەمە کارێکی ناڕەوایە بەرامبەر گەلی کورد، ئەوە کوردایەتی نییە، دوژمنایەتییە. هیوادارم خاکی ئێمە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان و هیچ خەڵکی دیکە شەهید نەبێت... ئەوان ئێرە بە سنووری خۆیان دەزانن، کە حاشا سنووری ئەوان نییە، بەڵکو هی کوردستانی خۆمانە و ئەوان داگیرکەرن".

دۆخی خێزانەکەی

لەوکاتەوەی خێزانەکەی هەواڵی شەهیدبوونی هاوسەرەکەی بیستووە، بەپێی گوتەی خەزووری، رەوشی ناجێگیرە.

جەوهەر دەڵێ، بووکەکەم "رەوشی لەوپەڕی ناجێگیریدایە، هەتاوەکو بردمانە دهۆک لەگەڵ خۆمان، هیچ ئاگای لەخۆی نەبوو، قسەی پێنەدەکرا و هەر کەوتبوو بەڕاستی رەوشەکەی زۆر خراپ بوو".

بەیانیی دوێنێ لە ناحیەی چەمانکا لە دهۆک، پەکەکە جگە لەوەی بۆمبی لەڕێگەی کاروانێکی پێشمەرگە دانا، هێرشیشیان کردووەتە سەریان و رووبەڕووبوونەوە روویداوە، لەئەنجامدا جگە لە شەهیدبوونی هێرش جەوهەر، دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

هێرشەکە کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆی و عێراق لێکەوتەوە. بەیانیی ئەمڕۆ حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ سنووردانان بۆ ئەو سنووربەزاندنەی پەکەکە. 

هـ.ر.