خولی ئەستێرەكانی عێراق دەوەستێت

تیروپشكی جامی عێراق بە بەشداریی 3 یانەی كوردستانی رادەكێشرێت

گرتەیەك لە یاریی نەورۆز و دهۆك لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق 2025 ـ 2026
گرتەیەك لە یاریی نەورۆز و دهۆك لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق 2025 ـ 2026

 گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق دوادەخرێت و لە دوای كۆتایی هاتنی یارییەكانی پاڵاوتنەكانی مۆندیال دەست پێدەكاتەوە، لە بەرامبەردا یارییەكانی جامی عێراق بەڕێوە دەچێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، خولی ئەستێرەكانی عێراق رادەگیرێت بەهۆی یاریی عێراق لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال بەرامبەر ئیمارات، یاریی چوون لە رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو لە ئیمارات دەكرێت، یاریی گەڕانەوەش لە رۆژی 18ـی مانگی داهاتوو لە بەسرە دەكرێت.
كوردستان24 زانیاری دەستكەوتووە كە هەفتەی داهاتوو جامی عێراق بەڕێوە دەچێت، بڕیاریشە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو تیروپشكی قۆناغی دووەمی جامی عێراق بە بەشداریی 20 یانە رابكێشرێت، ئەم قۆناغە بە یەك یاریی یەكلایی دەبێتەوە، بە یەكسانبوون یارییەكە دەچێتە لێدانە یەكلاكەرەوەكان.
لە قۆناغی دووەمی جامی عێراق یانەكانی هەولێر، دهۆك و نەورۆز بەشدارن، بەڵام زاخۆ هاوشانی یانەكانی شورتە، زەورا و قوە جەوییە لە قۆناغی 16 دێتە نێو ركابەرییەكانی جامی عێراق.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، پێشبینی دەكرێت یارییەكانی قۆناغی دووەمی جامی عێراق لە رۆژانی 6 تـا 9ـی مانگی داهاتوو دەست پێ بكات.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment