به‌رپرسانی به‌غدا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاره‌كه‌یان سوود له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی هەولێر وه‌رده‌گرن

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، شاندێکی ئەمینداریەتیی گشتیی بەغدا بە مەبەستی ڕاوێژکردن و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەولێر، سەردانیان کردوون و داوای هاوکاری و هەماهەنگییان لێ کردوون.

پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازییان لە شاندێکی ئەمینداریەتیی گشتیی بەغدا کردووە و لە کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و شاندی میوان لە بەغدا کردووە بە تایبەتی لە بواری گەشەپێدانی پرۆژەکانی شارەوانی و هاوبەشیکردن لە بوارە خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر کە لە دیدارەکەدا بەشدار بووە تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: شاندی ئەمینداریەتیی گشتیی بەغدا بەرنامە و پلانی حكوومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێریان لە بەردەوامی پرۆسەی گەشەپێدانی شار و ئەو پرۆژە ستراتیژی و گرنگانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ خزمەتكردن جێبەجێ كراون بەرز نرخاندووە و جەختیان لەسەر گرنگی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان کردەوە بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانی بەغدا.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی: شاندی ئەمینداریەتی گشتیی بەغدا داوایان کردووە پارێزگای هەولێر ڕاوێژیان پێشکەش بکات تاوەکوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی پارێزگای بەغدا سوود لە ئەزموونی پیشکەوتن و ئاوەدانی هەولێر وەربگرن، ئومێدیشیان خواستووە هەولێر وەک شارێکی گەشاوە و پێشکەوتوو هاوکارییان بێت.

لەم دیدارەدا کە لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چووە، لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و ڕێبین ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکان، پێشوازی لە  شاندەکەی ئەمینداریەتیی گشتیی بەغداد كراوە کە لە عەلی حوسێن، بریکاری ئەمینداری گشتیی بەغدا و عەلی هاشم، سەرۆکی شارەوانی ئەعزەمیە و محمەد جەزائیری، بەڕێوەبەری گشتیی پارک و باخچەکانی بەغدا و عەلی حاتەم، بەڕێوەبەری دیزاین پێکهاتبوون.

پرۆژە ستراتیژی و ناوازەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان کە چەندین ساڵە لە هەولێر بەردەوامە، وایکردووە شاری هەولێری وەک شارێکی مۆدێرن و گەشەسەندوو ببێتە چەقی سەرنجەکان کە هەم وەبەرهێنەران و گەشتیاران ڕوویان تێ کردووە و هەم حکوومەت و شارەوانییەکانیش بۆ گەشەپێدانی پرۆژە و بە دەستهێنانی ڕەزامەندیی جەماوەرەکەیان چاوی لێ دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment