سه‌رۆك كۆمار یاسای نوێی هه‌ڵبژاردنی په‌سند كرد
بۆ ئه‌وه‌ی متمانه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سیاسه‌ت
K24 – هه‌ولێر:
به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سەرۆکی کۆماری عێراقی فیدراڵ، یاسای نوێی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەند کرد و رایگەیاند، بە هیوای سازدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دوور له‌ساخته‌کاری و دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک.
دوای واژووكردنی ده‌قی یاساكه، سه‌رۆك كۆمار وته‌یه‌كی به زمانی كوردی ئاراسته كرد و تێیدا گوتی: بە پێی ئەرکی دەستووریم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقم په‌سه‌ند کرد. ئەوەش بە هیوای سازدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دوور له‌ساخته‌کاری و دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە رێگه‌ی راست بۆ چاکسازی راسته‌قینه، بۆ کۆتاییهێنان به قه‌یرانی بژێوی خه‌ڵک، بۆ گەڕاندنەوەی بەھای راستەقینە بۆ سیاسەت و دەسەڵاتداری، له بوونی یاسا و رێسای هه‌ڵبژاردن دهستپێدەکات که رێگر بێت له‌دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک و زامنی ئه‌وه بکات حکومه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ده‌نگ و ئیرادەی خه‌ڵک بێت.
سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، دزینی دەنگی هاووڵاتی و دزینی پارە و داهاتی گشتی پێکەوە گرێدراون و ئەمیان پێویستە بۆ ئەوەی تر، دووانەی چەو سانەوە و نانبڕین و حوکمی نادروست و گه‌نده‌ڵکارن.
دەقی پەیامه‌كه‌ی سەرۆک کۆمار
بەناوی خوای گەورە
هاووڵاتیانی ئازیز بە پێی ئەرکی دەستووریم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقم په‌سه‌ند کرد. ئەوەش بە هیوای سازدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد و دوور له‌ساخته‌کاری و دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک. کۆمەڵی رەخنە و تێبینی لەسەر ئەم یاسایه هەن و بێگومان دڵخوازی هەمووان نییە، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌کی گرنگە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری و ده‌سته‌به‌رکردنی به‌شداری راستگۆیانه‌ی خه‌ڵک له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا.
ئێستاش دوای په‌سه‌ندکردنی ئه‌م یاسایە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت دەبێ پێویستییەکانی ئەنجام دانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراهەم بکەن، لەوانەش تۆماری بایۆمەتری، و دەستبەرکردنی هاوکاری و هەماهەنگی کاریگەر لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ چاودێری و سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و رێگرتن لە یاریکردن بە دەنگی خەڵک. لێرەشەوە پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێرانی ھەڵبژاردن و کۆی کۆمەڵگەش بەگشتی چالاک و وشیار بن بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا رێگه‌نه‌ده‌ن ده‌نگی راسته‌قینه‌ی هاووڵاتیان بدزرێت. رێگه‌ی راست بۆ چاکسازی راسته‌قینه، بۆ کۆتایی هێنان به قه‌یرانی بژێوی خه‌ڵک، بۆ گەڕاندنەوەی بەھای راستەقینە بۆ سیاسەت و دەسەڵاتداری، له بوونی یاسا و رێسای هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ دەکات که رێگر بێت له‌دزینی ده‌نگی ره‌وای خه‌ڵک و زامنی ئه‌وه بکات حکومه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ده‌نگ و ئیرادەی خه‌ڵک بێت و له‌رێگه‌ی نوێنهرهکانیشیانەوە چاودێری حکومه‌ت و داهاتی گشتی بکه‌ن و له‌وانه بپرسنه‌وه که گه‌ندڵکار و که‌مته‌رخه‌من.
دزینی دەنگی هاووڵاتی و دزینی پارە و داهاتی گشتی پێکەوە گرێدراون و ئەمیان پێویستە بۆ ئەوەی تر، ئەمانە دووانەی چەوسانەوە و نانبڕین و حوکمی نادروست و گه‌نده‌ڵکارن. هه‌ر حکومه‌تێک گه‌ر به‌رئه‌نجامی راسته‌قینه ئیرادەی خەڵک نەبێت سەرکەوتوو نابێت، ھەر گەلێکیش حکومەت و دەسەڵاتداران بەنوێنەری راستەقینەی خۆی نەزانێ، ئەمڕۆ بێت یان سبەی رێگایەکی تر دەدۆزێتەوە بۆ سەندنەوەی مافی زەوتکراوی.
بۆیە رێگای راست بۆ گەل و حکومەتیش ئەوەیە رێ له دزینی ده‌نگی خه‌ڵک بگیرێ و متمانە بگەڕێنەوە بۆ سیاسەت. هیوادارم به‌م یاسایه بتوانین بەشێک لە ئه‌م ئه‌رکه نیشتمانییه پیرۆزە جێبه‌جێ بکه‌ین. بەھیوای سەرکەوتن، ئێوەش ھاووڵاتیانی خۆشەویست ھەمیشە شاد و ئاسودە و سەرکەوتوو بن.