لە ئەمەریکا پلانی هێرشێکی تیرۆریستی پووچەڵکرایەوە
 
                        ئەمڕۆ هەیینی 31ی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی فیدراڵیی ئەمەریکا" ئێف بی ئای" لە ویلایەتی میشیگن ڕایگەیاند، پلانێکی تیرۆریستیان پووچەڵ کردوەتەوە، کە بە نیازبوون لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی بۆنەی هەڵۆوین پەلاماری خەڵکی بدەن.
ئێف بی ئای ئاماژەی بەوەکردووە، چەند کەسێک کە پلانیان داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشە تیرۆرستیەکە لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، بە گوێرەی پلانەکەیان ویستوویانە لە ڕۆژی بۆنەی هەلۆویندا کردەوەیەکی گەورەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، بەڵام ڕوونکردنەوەی زیاتر لە بارەی ئەو شوێنانە نەداوە کە لە پلانی دەستگیرکراوەکاندا بووە.
هەروەها باسی لەوەشکردووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا زانیاری زیاتر لە بارەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، بڵاودەکەنەوە؛ چاوەڕوان دەکرێت ئەو کات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، ناسنامەی دەستگیرکراوەکانیش ئاشکرا بکرێ.
لە لایەن خۆشیەوە پۆلیسی دێربۆرین لە ڕۆژئاوای دیتروەیت، جەختی لەوەکردەوە، " ئێف بی ئای" لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیدا ئۆپراسیۆنەکەی ئەنجامداوە، ئێستا هیچ مەترسییەک لە سەر ژیانی هاووڵاتیان نییە، دڵنیا بن بە تەواوی بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
