مانگێک بەسەر داخستنی حکوومەتی ئەمەریکا تێپەڕ دەبێت
مانگێک بەسەر داخستنی حکوومەتی ئەمەریکا کە لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەستی پێکرد تێپەڕ دەبێت و کۆنگرێسی ئەمەریکا لە چواردەیەمین خولی دەنگدانیدا بۆ کردنەوەی حکوومەت، سەرکەوتوو نەبوو، بەمەش دەبێتە دووەم درێژترین ماوەی داخستنی حکوومەت لە مێژووی ئەمەریکادا تۆمار کرابێت، کە پێشتر بۆ ماوەی 35 ڕۆژ داخرابوو.
لە ئەنجامی ناکۆکی قووڵی نێوان هەر دوو حزبی کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر بودجەی ساڵی دارایی نوێ، ماوەی مانگێکە حکوومەتی ئەمەریکا داخراوە، کۆمارییەکان داوای پەسەندکردنی یاسایەکی کاتی دەکەن بۆ کردنەوەی حکوومەت، بەڵام دیموکراتەکان دەڵێن بەبێ دڵنیایی ڕوون لە بواری بیمەی تەندروستی، پەسەندکردنی یاسای کاتی تەنیا چەند هەفتەیەک دەخایەنێت و دووبارە وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر لێواری داخستن. بەم هۆکارە هیچ لایەکیان نەیانتوانی لە کۆنگرێس 60 دەنگ بە دەست بهێنن، بۆیە دەوڵەت بە بێ بودجە ماوەتەوە، ئەگەر ئەم بارودۆخەش بەردەوام بێت.
بەهۆی داخستنی حکوومەتی ئەمەریکا هەزاران کارمەندی حکوومەت بەبێ مووچە کار دەکەن یان لە مۆڵەتی ناچاریدان، زۆرێک لە خزمەتگوزارییە حکوومییەکانیش وەستاون یاخود سنووردار کراون، هاوکات بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا زیاتر لە 750 هەزار فەرمانبەری حکوومەتی ئەمەریکا نێردراونەتە مۆڵەتی ناچاری، بەم پێیەش زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار خێزانی ئەمەریکی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی وەرنەگرتووە.
بەشێک لەو فەرمانگەیانەی بودجەیان ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ دابین دەکرێت، وەک پارک و مۆزەخانە نیشتمانییەکان و بەشێک لە دامەزراوە ئامارییەکان، کارەکانیان وەستاون، تەنانەت بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەکانیش ڕایانگەیاندووە ڕووبەڕووی کەمی بودجە و سەرچاوەی مرۆیی بوونەتەوە.
داخرانی حکوومەت بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیران و نەمانی یارمەتییە خۆراکییەکانی دەوڵەت و بیمەی تەندروستی، لە ئەگەری درێژە کێشانی ئەم داخرانە لە سبەی 1ی تشرینی دووەمەوە قەیرانەکە فراوانتر دەبێت، چونکە چیتر دەوڵەت ناتوانێت یارمەتی خۆراک پێشکەش بکات کە زیاتر لە 40 ملیۆن ئەمەریکی پشتی پێ دەبەستن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کاتی نوێکردنەوەی ساڵانەی بیمەی تەندروستی حکوومی دەست پێدەکات، لەکاتێکدا ناوەند و سیستەمە تەندروستییەکانی دەوڵەت کێشەی دواکەوتن و بڕینی خزمەتگوزارییان هەیە و ئەو ملیۆنان کەسەی کە دەبێت بیمەکانیان نوێ بکەنەوە لەوانەیە ڕووبەڕووی دواکەوتن یان پچڕانی خزمەتگوزارییەکان ببنەوە، ئەمەش واتە لە هەفتەی ئایندەوە قەیرانەکە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر سفرە و سەلامەتی خەڵک.
نووسینگەی بودجە لە کۆنگرەی ئەمەریکا هۆشداری داوە ئەگەر داخستنی دەوڵەت درێژە بکێشێت ئابووری ئەمریکا بە بڕی حەوت بۆ 14ملیار دۆلار زیانمەند دەبێت کە بە قسەی شارەزایان تەنانەت دوای دەستبەکاربوونەوەی دەوڵەتیش بەشێک لەو زیانانە قەرەبوو نابنەوە.