گرۆسی: دەتوانین چاودێرییەکان لە ئێران درێژە پێبدەین

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، سەرەڕای بڕیاری سەپاندنی سزاکان، بەڵام دەتوانین درێژە بە چالاکییەکانی چاودێریی وێستگە ئەتۆمییەکانی لە ئێران بدەین.

هەینی 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێت: دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە حوزەیرانی ئەمساڵ، ئێران هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سنووردار کردووە.

گرۆسی ئاماژەشی داوە، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی زیانیان پێ گەیشتووە، بەڵام توانا و شارەزاییەکانیان هێشتا پارێزراون، جەختیشی کردەوە لە کاتی کارکردن بە ماددە تیشکدەرە زیانبەخشەکان، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت.

ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، گرۆسی ڕایگەیاندبوو، سەرەڕای ئەوەی وا دەرناکەوێت ئێران بە شێوەیەکی چالاکانە یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام بەم دوایانە جموجووڵەی نوێ لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەدا بەدی کراوە.

باسی لەوەش کردبوو، هێشتا ئێران %60ی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ماوە، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.

 
Fly Erbil Advertisment