خاچی سووری نێودەوڵەتی: توندوتیژی دژ بە کارمەندانی ڕێکخراوە مرۆییەکان زیادی کردووە
ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیی نیگەرانی خۆی لە بە ئامانجگرتنی ئەو کارمەندانەی لە بواری مرۆیی لە سوودان و غەززە کار دەکەن دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، تەنیا لەم هەفتەیەدا پێنج کەس لە خۆبەخشانی ڕێکخراوەکەیان کوژراون.
بیار گراهەنبۆڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ هەینی 31ـێ تشرینی یەکەمی 2025، لە مەنامەی پایتهختی بهحرهین ڕاگەیاند، توندوتیژی دژی کارمەندانی ڕێکخراوە مرۆییەکان لە غەززە و سوودان، بە شێوازێکی مەترسیدار و کارەساتبار تەشەنەی سەندووە.
ڕاشیگەیاندووە، پێشێلکارییەکی زەق لە ڕێزگرتنی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ لە غەززە و سوودان دەبینرێت، ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن پێشێلکاری و توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی لە هەردوو ناوچەکە بووەتە دیاردەیەکی کارەساتبار و تەنیا لە هەفتەیەکدا لە سوودان زیاتر لە 460 کەس کوژراون.
گراهەنبۆڵ گوتیشی: قەبارەی ئەو وێرانکارییەی بەهۆی شەڕەوە لە غەززە هەیە، تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە، بە جۆرێک لە 30 ساڵ کاری مرۆیی ڕێکخراوەیی مافەکانی مرۆڤ، وێرانکاریی لەم شێوەیەی نەبینیوە، ئاستی هاوکارییە مرۆییەکانیش بە گوێرەی پێویست نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ههروهها گوتی: هێشتا بڕی پێویست لە یارمەتییە مرۆییەکان ناچێتە ناو غەززە، لە کاتێکدا دانیشتووانی غەززە پێویستییەکی یەکجار زۆریان هەیە و زۆر زیاترە لەوەی ئێستا بۆیان دابین دەکرێت.
گراهەنبۆڵ ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە بهوهی ڕێگری لە ڕێکخراوەکەیان کردووە سەردانی فەڵەستینییە زیندانیکراوەکان بکات و ڕەتیشی کردەوە کە سەردانەکانیان هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل وەک ئەوەی یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگرییە ئەو وڵاتە ڕایگەیاندبوو.
سەرەڕای ئەوەی لەم هەفتەیەدا زیاتر ڕێگە بە چوونە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە دراوە، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕووبەڕووی کێشەی دارایی و ئاستەنگ بوونەتەوە.
