حووسییەکان 43 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان دادگایی دەکات
 
                        بەرپرسێکی باڵای حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، بەهۆی تێوەگلان لە کاری سیخوڕی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەنعا و کوژرانی چەندین سەرکردەی باڵای ئەو گرووپە، 43 کارمەندی ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دادگایی دەکرێن.
هەینی 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەبدولواحید ئەبو ڕائس، بەرپرسێکی باڵای حووسییەکانی یەمەن، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، 43 کارمەندی ناوخۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە پێشتر دەستگیرکراون، بە گومانی پەیوەندییان بە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە کە لە مانگی ئابدا بووە هۆی کوژرانی سەرکردە باڵاکانی حوسییەکان، دادگایی دەکرێن.
ئەبو ڕائس گوتیشی: ئەو هەنگاوانەی کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە گیراونەتەبەر، بە تەواوی لەژێر چاودێری دادوەر کراون و داواکاری گشتی لە هەنگاو بە هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە. دەشڵێت: شانەیەک لەناو ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕوونی لە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی حکوومەت تێوەگلاون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی داوە، بەگوێرەی یاساکانی حووسییەکان ئەو کارمەندانە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەردەچێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار ئەو تۆمەتانەی حووسییەکانی ڕەت کردووەتەوە کە گوایە کارمەندەکانیان یان ئۆپەراسیۆنەکانییان لە یەمەن بە کاری سیخوڕی تێوەگلاون، هەروەها پێشتر ڕایگەیاندبوو، لانیکەم 59 کارمەندیان لەلایەن حووسییەکانەوە دەستگیرکراون، داوای دەستبەجێی ئازادکردنی کارمەندەکانی کردووە.
لە مانگی ئابی 2025، سەرۆک وەزیرانی حکومەتەکەی حووسییەکانی یەمەن و چەندین وەزیری دیکە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر سەنعای پایتەخت کوژران.
