پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکات
پارێزگاری هەولێر، بە بۆنەی 10ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر، ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی کەناڵەکە کرد.
هەینی 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە بۆنەی 10ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، پیرۆزبایی لە بەرێوەبەر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی کەناڵەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
هاوکات پارێزگاری هەولێر دەڵێت: ئومێد دەکەین لە پێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا وەک هەمیشە بە پڕەنسیپ و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی بەردەوام بن و بە هەمان گیانی نیشتیمانی و نەتەوەیی ڕۆڵی کارا و گرنگی خۆتان لە خزمەتکردن و بەرەو پێشبردنی میدیای کوردیدا بگێڕن.
10ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24
کەناڵی ئاسمانیی کوردستان24 بەئامانجی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕاست و بەرپرسیارەتی لەکارکردن و پەیڕەوکردنی ئیتیکی کاری میدیای، دەستی بەپەخش کرد و ماوەی 10 ساڵە لەسەر بەڵێنی خۆی بەردەوامە.
هاووڵاتییان لە چین و توێژە جیاوازەکان پیرۆزبایی ساڵیادی پەخشی کوردستان24دەکەن و دەڵێن: "بۆ ڕاستی و دروستی هەواڵێک دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان24 و وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بووەتە جێگای متمانەمان".
کوردستان24 پەلە لەبڵاوکردنەوەی هەواڵ ناکات تا لە سەرچاوەی نزیکی پەیوەندیدار بەبابەتەکە پشتڕاست نەکاتەوە، چونکە متمانەی بینەرانمان لە کۆکردنەوەی لایک و ڤیوو بە نرخترە.
كوردستان24 لە ماوەی 10 ساڵەی پەخشیدا، ڕووماڵی چەندین ڕووداوی گەورەی کوردستان و ناوچەکەی کردووە و بووەتە سەرچاوەی میدیا جیهانییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا کوردستان24 خۆی بە دوور گرتووە لەوەی ببێتە هۆی بەلاڕێدابردنی بینەرانی بۆ کۆکردنەوەی لایک و ڤییو لە سۆشیاڵ میدیا.
کوردستان24 دامەزراوە تاوەکوو بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە هەواڵی ڕاست و سەرچاوەدار بۆ هاووڵاتییان بگەیەنێت و لەساڵی 2015ـەوە لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوامە، کەناڵەکە هەموو هەوڵێک دەدات پیشەییانە و سوودگەیاندن بە بینەر، بیسەر و خوێنەرانی کاری لەپێشینەی بێت .
