تورکیا لە جێبەجێ نەکردنی پلانی ئاشتی لە غەززە نیگەرانە

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بۆ پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی لە کەرتی غەززە، تورکیا بانگهێشتی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی دەکات و گوتی: ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی وڵاتانی ئیسلامی هاوکار بن لە سەرخستنی پرۆسەکە.

هەینی 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، دووشەممەی داهاتوو، وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتی پلانی ئاشتی لە غەززە کە بە دەستپێشخەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، میوانداریی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی دەکات.

فیدان باسی لەوە کردووە، کۆبوونەوەکە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوە دەچێت و ئامانجی لێی گفتوگۆ کردنە لە سەر ئەو پرسانەی کە تاوەکوو ئێستا لە لایەن ئیسرائیل و حەماسەوە ناکۆکییان لە سەرە و بوونەتە بەربەست بۆ پرۆسەی ئاشتی لە کەرتی غەززە، بە تایبەت ئەو بابەتانەی لە قۆناغی یەکەمدا تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی باس لە پێکهێنانی هێزێکی کارکردنی تایبەت دەکەن، بۆ ئەوەی سەقامگیری کەرتی غەززە لە ئەستۆ بگرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاژانسی "وەفا"ی فەڵەستین ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل لە هەفتەیە ڕابردوودا لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بووە؛ هاوکات بە هۆی هێرشەکانەوە دوو کەس کوژراون، و ئاژانسەکە ئەمەش بە پێشێلکاریی ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەزانێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، ڕێککەوتنەکەش جگە لە ڕاگرتنی شەڕ و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان، ڕێگە لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ غەززە کرایەوە.

هەروەها لووتکەی شەرم شێخ ڕۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاگربەست و ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو، کە هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

 
Fly Erbil Advertisment