تورکیا.. بەهۆی سوتانی هۆتێلێک 11 کەس سزای زیندانی تا هەتاییان بەسەردا سەپێنرا
 
                        دادگای تورکیا، سزای زیندانی تا هەتایی بەسەر 11 کەس، بە تاوانی بەشداریی لە سوتاندنی هۆتێلێک لە هاوینەهەوای کارتال کایا لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، سەپاند.
ئەمڕۆ هەینی، 31ـی تشرینی یەکەمی 2025، دادگای تورکیا، بە تاوانی بەشداریی لە سوتاندنی هۆتێل 'گراند کارتال' لە هاوینەهەواری کارتال کایا لە پارێزگای بۆڵو لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا، سزای زیندانی تا هەتایی بەسەر 11 کەسدا سەپاند.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، لەنێو ئەو کەسانەی کە سزای زیندانی تا هەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، خاوەنی هۆتێلەکە، بەڕێوەبەر و چەند ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی هۆتێلەکە هەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، دادگا سزای زیندانی بهسهر سهرۆكی شارهوانیی بۆڵو و بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شارەکەش سهپاندووە، هاوكات تۆمهتی ئاراستهی 32 كهسی دیكهیش كردووه كه 20ـیان پێشتر لەلایەن پۆلیسیەوە دەستبەسەرکرابوون.
خالید ئەرگول، خاوەنی هۆتێل گراند کارتال کە سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێنراوە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی DHA ـی تورکی کردووە و دەڵێت: من تاوانبار نیم و لێکۆڵینەوەی تەواوم بۆ هۆکاری ئاگرەکە کردووە، گەیشتمە ئەو بڕوایەی ئەو کەسەی کە سیستەمی غاز و ئامێرەکانی غازی بۆ هۆتێلەکە داناوە، ئەو بەرپرسیاری یەکەمی ئاگرکەوتنەوەکەیە.
بە گوتەی خۆی، تەنانەت لە کاتی ئاهەنگی بوک گواستنەوەشدا ڕێگەی نەدەدا یارییە ئاگرینییەکان لەبەردەم هۆتێلەکەی بەکار بهێنرێت، چونکە نەیدەویست تەنانەت باڵندەکانیش زیانیان پێ بگات و بمرن.
هەروەها کەسوکاری ئەوانەی لە ئاگرکەوتنەوە هۆتێلەکە، گیانیان لە دەست داوە، ئەمڕۆ لە بەردەم هۆڵێکی وەرزشی لە شاری بۆڵو وێنەی قورباییەکانیان نمایش کرد، دادگاییکردنەکەش هەر لەوێ بەڕێوە چوو.
لە لایەکی دیکەوە حلمی ئاڵتین، کە هاوسەرەکەی و کچە نۆ ساڵانەکەی بەهۆی ئاگرەکەوە مردوون، گوتی: هەموو ڕۆژێک دەچمە گۆڕستان، تا ئیستا هیچ پزیشکێکی پسپۆری دەروونی نەیتوانیوە ئەو ئازارەی من کەم بکاتەوە.
سوتانی هۆتێل گراند کارتال
لە 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاگرێک لە هۆتێل 'گراند کارتال' لە هاوینەهەواری کارتال کایا، لە پارێزگای بۆڵو لە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا کەوتەوە، بەو هۆیەوە 78 کەس گیانیان لەدەستدا، لە نێویاندا نزیکەی 30 منداڵ هەبوون، هەروەها 137 کەسیش بریندار بوون.
لە شەوی ڕووداوەکە عەبدولعەزیز ئایدن، پارێزگاری بۆڵو بە میدیاکانی تورکیای گوتبوو: "هۆتێلەکە 234 میوانی تێدابووە، کە دوویان بەهۆی خۆهەڵدان لە باڵەخانەکەوە گیانیان لە دەستداوە"
ئەو تیمەی کە لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکرد، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی لە شەوی ڕووداوەکەدا، زەنگی ئاگادار کردنەوە کاری نەکردووە و ئامێرەکان و سیستەمی غاز هۆتێلەکەش هیچ مەرجێکی سەلامەتییان نەبووە.
