كه‌مپینی بايدن: سه‌ركه‌وتن له‌ ئانوساتدایه‌

تره‌مپ نیگه‌رانه‌

K24 – هه‌ولێر:

"جێنیڤه‌ر ئومالی" به‌ڕێوبه‌ری هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوی دیموكراته‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، "جۆ بایدن"، رایگه‌یاند، سه‌ركه‌وتنی "بایدن" له‌ ئانوساتدایه‌.

له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی پاڵێوراوی كۆمارییه‌كان، "دۆناڵد تره‌مپ"ه‌وه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ی دیموكراته‌كان گوتی: "مامه‌ڵه‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا جێی نائومێدییه‌".

رۆژی سێشه‌ممه‌ (4ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2020)، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌چوو.

تا ئه‌مڕۆ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی پرۆسه‌كه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌، پاڵێوراوی دیموكراته‌كان، "جۆزێف بایدن"، (264) كورسی ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵبژاردنی به‌ده‌ستهێناوه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا، پاڵێوراوی كۆمارییه‌كان، "دۆناڵد تره‌مپ" (214) كورسی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌.

تره‌مپ نیگه‌رانی له‌و ئه‌نجامانه‌ ده‌ربڕیوه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ده‌نگه‌كانمان "دزراوون" و مردووانیش ده‌نگیان داوه‌ و ساخته‌كاری له‌ پرۆسه‌كه‌دا هه‌یه‌.