پەرلەمانی عێراق: بە ئامانجكردنی پێشمەرگە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری عێراق

دوای لە حكومەتی عێراق كرد ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكات بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە كردەوانە

K24 -ھەولێر:

پەرلەمانی عێراقی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیاند، بەئامانجكردنی ھێزەكانی پێشمەرگەی لە لایەن چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناحیەی چەمانكێ لە پارێزگای دھۆك "دەستدرێژیكردنە" بۆ سەر دەزگای ئەمنی و سەروەری عێراق، داوایكرد ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم كردەوانە.

دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیاندراوێكدا گوتی: پەرلەمانی عێراق ئەم دەستدرێژییەی پارتی كرێكارانی كوردستان و بە ئامانجكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە لە ناحیەی چەمانكێ لە پارێزگای دھۆك، بە دەستدرێژیكردنە سەر دەزگای ئەمنی و سەروەری عیراق دادەنێت و داوای لە حكومەت كرد ئاسایش لەو ناوچانە بچەسپێنێت و رێگابگرێت لەبەردەم ھەر داڕمانێكی رەوشی ئەمنی لە ھەرێم بەھۆی ئەو ھێزە لادەر و دەرچووانە لە یاسا.

ھەروەھا جەختیشیكردەوە پێویستە حكومەت رۆڵی خۆی بگێڕێت لە بەھێزكردنی دەزگا سەربازییە ئەمەنییەكانی عێراق بە ھەموو جۆرەكانییەوە و كار لەسەر ھەماھەنگی ھاوبەش بكات لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە كردەوە و دەستدرێژیانەی چەند بارە دەبنەوە لە ناو خاكی عێراقدا، كە پێشێلكردنی سەروەری وڵاتە.