ئێران.. سەرەڕای دۆخی خراپی ئابووری بازاڕی بووکەڵە گەرمە
چەند مانگێکە بووکەڵەی لابووبوو گەیشتووەتە ئێران و ئەگەرچی نرخەکەی لەچاو داهاتی هاووڵاتییان زۆر بەرزە، هەتا ئێستاش خواستێکی زۆری لەسەرە. ناوبانگی لابووبوو وەها بڵاو بووەتەوە کە مناڵان بە شین و گریان دایک و باوکەکانیان ناچار دەکەن ئەم بووکەڵەیەیان بۆ بکڕن.
سەمەند ئەسکەندەر، دانیشتووی شنۆ، بە کوردستان24ـی گوت: چەند شەوە کچەکەم دەگری و داوای بووکەڵەی لابووبوو دەکات. نازانم بۆچی منداڵان حەزیان لەو بوکەڵەیەیە؟ نرخەکەشی گرانە، بەڵام خۆ منداڵ ئەوە نازانێت.
جیا لە لابووبوو، بووکەڵەیەکی دیکەش بە ناوی کرۆمی ئێستا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خواستی زۆر لەسەرە. بووکەڵە فرۆشەکان دەڵێن ئەگەر ئەو دوو بووکەڵەیە نەهێنن، فرۆشێکی ئەوتۆیان نابێ. لەبەر ئەوەی هەرچی منداڵە یا ئەم دوو بووکەڵەیەی دەوێ یا داوای ئەو شتانە دەکات کە وێنەی ئەم دوو بووکەڵەیەیان بەسەرەوە بێت.
سەلاح بەهرامی، بووکەڵەفرۆش، دەڵێت: ئێستا ئەم دوو بووکەڵەیە بوونەتە مۆدێل و پێمانخۆش بێت یان نا، منداڵان داوای دەکەن و دەبێت بۆیان بکڕن.
یەک مانگ و نیوە قوتابخانەکان کراونەتەوە. بووكەڵەکانی لابووبوو و کرۆمی کاریگەرییان لەسەر فرۆشتنی پەڕاوگەکانیش هەبووە. خاوەنی پەڕاوگەکان دەڵێن منداڵان تەنیا ئەو شتانە دەکڕن کە بە شێوەیەک وێنەی ئەو بووکەڵانەیان بەسەرەوە بێت.
جەلال ئەمینی، خاوەنی پەڕاوگە، دەڵێت:
بانگەشەیەکی سەیر بۆ ئەم دوو بووکەڵەیە دەکرێت، کەس نازانێت بۆ وایە؟ لای منداڵانیش بووەتە چاولێکەری و داوای دەکەن.
ڕاگەیاندنەکانی ئێران ئاشکرایان کردووە بەشێکی زۆر لەم بووکەڵانە مارکەی ئەسڵی نین و لە ناوخۆی ئێران بەرهەم هاتوون. بەم شێوەیەش زیاتر لە 200 هەزار بووکەڵەی لابووبووی ساختە کەوتووەتە ناو بازاڕی ئێرانەوە و بە گشتی نزیک بە هەشت ملیۆن دۆلار لە پارەی هاووڵاتییان لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆ کڕینی ئەم بووکەڵانە خەرج کراوە.
