کەنداڵ نەزان: هیوادارم کوردستان24 هەمیشە سەرکەوتوو و پێشکەوتوو بێت
کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتووتی کورد لە پاریس، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە بۆنەی دەیەمی ساڵیادی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان 24، گوتی: هیوادارم کوردستان24 هەمیشە، وەک دەزگایەکی میدیایی سەرکەوتوو لە سەرانسەری کوردستان و جیهاندا بەردەوام بێت.
سەرۆکی ئەنستیتووتی کورد لە پاریس، هەروا گوتی: ڕۆڵی میدیا، بە تایبەتی میدیای ئازاد، بۆ ناساندنی کولتووری کوردی و ناسنامەی کورد لە جیهاندا یەکجار گرنگە. هیوادارم کوردستان24 ساڵ بە ساڵ پێشکەوتووتر و سەرکەوتووتر بێت و بتوانێت خزمەتی گەلی کورد بکات. دووبارە پیرۆزبایی لە کوردستان 24 دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، لە 31ی تشرینی یەکەمی 2015 دەستی بە پەخشی فەرمی کرد. ئەم دامەزراوەیە کە بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، وەک ناوەندێکی میدیایی هەمەجۆر کاردەکات و ئامانجی گۆڕینی دیمەنی میدیاییە لە کوردستاندا.
کوردستان24 وەک "دامەزراوەیەکی نیشتمانیی میدیایی" خۆی دەناسێنێت و جەخت لەسەر "بێلایەنی، خێرایی و ڕاستگۆیی" لە کارەکانیدا دەکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکە گەشەپێدانی ڕوخساری میدیاییە لە کوردستان و بوون بە ڕێنیشاندەر بۆ جیهانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەکەدا. هەروەها، کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبووردەیی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری.
کوردستان 24 بە چەندین زمان بەرنامە و هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، لەوانە کوردی (سۆرانی و کرمانجی)، ئینگلیزی، عەرەبی، تورکی و فارسی. ئەمەش لە ڕێگەی چەندین پلاتفۆرمی جیاوازەوە ئەنجام دەدات. هەروەها، پەخشی 24 کاتژمێری هەیە و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهان لە ڕێگەی (ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ئەپی مۆبایل) ڕووماڵ دەکات.
کوردستان 24 بە تۆڕێکی فراوانی پەیامنێران لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی دەکرێت بۆ گەیاندنی زانیاری ورد و خێرا بە بینەران و خوێنەرانی.
