کەنەدا بەهۆی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکاوە ڕوو لە چین دەکات
                        سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە سەر زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر چین و کەنەدا، بووەتە هۆی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە دوای نۆ ساڵ دووبارە گفتوگۆی بازرگانی دەست پێ بکەنەوە و پەیوەندییەکانیان بەرەو پێشببەن.
شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری گیۆنگجوی کۆریای باشوور گوتی: لەگەڵ چین ڕێگایەکمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان کردووەتەوە، ڕاشیگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە زۆر بنیاتنەر بووە.
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ئاشکراشی کرد لە لایەن شی جیپینگ، سەرۆکی چین بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی پێگەیشتووە و دەشڵێت: وەزیران و بەرپرسەکانی وڵاتەکەی بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان دەستنیشانکردنی هاوکاری و گەشەسەندنەکانی وڵات ڕاسپاردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی، سەرۆکی چین و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە کۆریای باشوور لە میانی لووتکەیەکی ئاسیا-پاسفیکدا کۆبوونەوە، بەمەش ئەو دوو وڵاتە بۆ یەکەم جار دوای ساڵی 2017 یەکەمین گفتوگۆی فەرمی خۆیان لەسەر پرسی بازرگانی کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کەنەدا لە بارەی کۆبوونەوکەدا ڕایگەیاندبووە، سەرکردەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکەیان خاڵێکی وەرچەرخان بووە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا.
هەروەها میدیا فەرمی وڵاتی چین لە زاری شی جیپینگ بڵاوی کردووەتەوە، ئامادەن لەگەڵ کەنەدا کاربکەن بۆ ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە وەک دەرفەتێک بقۆزینەوە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بۆ سەر ڕێڕەوێکی تەندروست، سەقامگیر و بەردەوام لە زووترین کاتدا.
هاوکات پەیوەندییەکانی کەنەدا و چین لەنێو خراپترین پەیوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووە، بەڵام هەر دوو وڵات بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارە و باجی گومرگییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، وای کردووە دووبارە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیاندا بچنەوە.
پێشتر حکوومەتی هەرێمی ئۆنتاریۆ ڕێکلامێکی هۆشیارکەرەوە بڵاو کردووەتەوە، کە لە ڕێکلامەکەدا گوتەکانی ڕۆناڵد ڕێگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکای بەکار هێناوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، سەپاندنی باجی زیادی گومرگی ، دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی باجە گومرگییەکان و بەمەش شەڕی توندی بازرگانی لە نێوان وڵاتان هەڵدەگیرسێت.
ڕۆژی شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا بەهۆی ئەوەی ڕێکلامەوە باجی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا بە ڕێژەی 10% زیادە کرد و هەموو گفتوگۆوە بازرگانییەکانی ڕاگرت.
دوای ئەوا مارک کارنی، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: گفتوگۆ دووقۆڵییەکان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و ئێمە ئامادەین لەسەر ئەو پێشکەوتنە بەردەوام بین و هەر کاتێکیش ئەمەریکییەکان ئامادەبوون، ئێمەش ئامادەین، ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێش ببەین؛ بەڵام پێشتر مارک کارنی، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سیاسەتی بازرگانی واشنتن لەگەڵ ئابووریی ئۆتاوا، پێویستی بە داڕشتنەوەیە.
هاوکات ئەمڕۆ شەممە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بەهۆی ئەو ڕێکلامەوە داوای لێبوردنی لە ترەمپ کرد و گوتی: من داوای لێبوردنم لە سەرۆکی ئەمەریکا کرد و نیگەران بوو.
