عێراقچی: بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو به‌رانبه‌ر به‌ ئیسرائیل ئاماده‌ین

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیی هەیە بۆ هەموو ئەگەرێکی سەرهەڵدانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل؛ ده‌شڵێت، ئێران بە ئاگاییەوە مامەڵە لە گەڵ ڕەفتاری دوژمنکارانەی ئیسرائیل دەکات و ڕووبه‌ڕووی شکستێکی گەورەیان دەکاته‌وه‌.

شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاته‌كه‌ی ئەزموونی لە دوایین شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل وەرگرتووە، لەو شەڕەدا چەندین مووشەکی ڕاستەقینەی مەترسیدارمان تاقی کردوەتەوە، جگە لەوەش لە ڕووی سیستەمی بەرگرییەوە ئێران باشتر بووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئیسرائیل هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە له‌ دژی ئێران بنێت، بێگومان وەڵامی توندمان دەبێت، ئەنجامەکەشی بۆ ئیسرائیل زۆر خراپ دەبێت.

عێراقچی هه‌روه‌ها بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تاوانبار دەکات کە هەوڵی فراوانکردنی بازنەی شەڕی داوە بە هێرشکردنە سەر چەندین ناوچەی گرنگی ئێران، لەوانە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت، هەروەها دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کوشتنی دەیان سەرکردەی ئەو وڵاتە.

باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل هەرگیز ناچێتە شەڕەوە ئەگەر ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ دانەگیرسێنێت.

عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، ناتانیاهۆ تاوانباری ڕاستەقینەی شەڕە، لای هەموو وڵاتانی ناوچەکەش ئاشکرایە کە ئیسرائیل دوژمنی ڕاستەقینەی هەموومانه‌.

لە بارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە گەڵ ئەمەریکا، عەباس عێراقچی، ڕایگەیاند، نزیک بوو بگەین بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بەڵام ئەمەریکا مەرجی ناڕەوای دانابوو، بۆیە ئارەزووی دانیشتن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ناکەین لە گەڵ واشنتن، لەوانەیە ئەمجارە دانوستانەکانمان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئەنجام بدەین.

 

دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا

تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەم لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد.

 

جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە، بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

            

ڕاگەیاندنی ئاگربەست

دوای 12 ڕۆژ لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.

 
Fly Erbil Advertisment