سه‌رۆك بارزانی: ئێستا شه‌ڕێكی مه‌زن له ئارادایه و ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان هه‌ڵته‌كێنن
دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی شه‌ممه 1ی تشرینی دووەمی 2025 له شاری دهۆك، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌زگای ئه‌یلوول و گوڵان و زیندانیانی سیاسیی سنووری پارێزگای دهۆك كۆبووه‌وه.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لەو کۆبوونەوەیەدا، سه‌رۆك بارزانی وتارێكی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد و تێیدا سوپاسی خۆڕاگری و خه‌بات و ماندووبوونی ئه‌وانی له شۆڕش و به‌رخودان و زیندانه‌كاندا كرد و گوتی:" ئه‌و ئازادی و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئێستا له فه‌زڵی خوا و خوێنی شه‌هیدان و فرمێسكی دایكی شه‌هیدان و ڕە‌نج و ماندووبوونی ئێوه‌یه، بۆیه كه له‌گه‌ڵ ئێوه دانیشتووم، هزر و بیرم ئاسوده‌یه".
سه‌رۆك بارزانی كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و قۆناغه‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه خسته‌ڕوو.
ئاسته‌نگ زۆرن و پیلانیش هه‌ن ئێمه ڕابگرن
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا، باسی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و پابەندنەبوون به ده‌ستووری له لایه‌ن به‌غداوه و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كانی كرد به تایبه‌تیش له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پوخته‌یه‌كیشی له‌باره‌ی مێژووی زوڵم و سته‌م و جینۆساید به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئاماده‌بووان باس كرد و گوتی: به هه‌موو شێوازێك وڵاتی ئێمه‌یان وێران كرد و ئێمه‌ش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا هه‌وڵێكی زۆرمان دا بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێشخستنی كوردستان و ئه‌م هه‌وڵانه بێجگه له‌وه‌ی ئاسته‌نگی زۆریان له‌به‌رده‌مدا دروست كرا، به‌ڵام له‌سه‌ر كاركردن بۆ خزمه‌ت و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان هه‌ر به‌رده‌وام بووین و به‌رده‌وامیش ده‌بین، ئێستاش ئاسته‌نگ زۆرن و پیلانیش هه‌ن كه ئێمه ڕابگرن، به‌ڵام پشتیوان به خوا و به میلله‌تی خۆمان هه‌ر به‌ردەوام دەبین.
ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان نا‌ئومێد بكه‌ن
لە کۆبوونەوەکەدا سه‌رۆك بارزانی به ئاماده‌بووانی ڕاگه‌یاند:" وه‌كچۆن له رابردوودا له سه‌نگه‌ره‌كاندا شه‌ڕی قاره‌مانانه‌تان كرد، ئێستاش شه‌ڕێكی مه‌زن له ئارادایه كه ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به پیلانی جۆراوجۆر هه‌ڵته‌كێنن و نائومێدی بكه‌ن، به تایبه‌تیش له رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر، له هه‌ڵبژاردنیش ده‌بێت به هه‌مان روحیه‌تی به‌رخودانی سه‌نگه‌ر كار بۆ سه‌ركه‌وتن و نیشاندانی سه‌نگی پارتی بكه‌ن".
ته‌نیا پێشمه‌رگه پارێزگاری له خاك و میلله‌ت كرد
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێت خۆمان هه‌بین و چاوه‌ڕێی كه‌س نه‌بین، هه‌ر بۆ نمونه: چه‌ندین جار كوردستان كه‌وته به‌ر هێرش و په‌لاماری زۆر مەترسیدار، ته‌نیا پێشمه‌رگه پارێزگاری له خاك و میلله‌ت كرد.
سه‌باره‌ت به دۆخی ناوخۆ، سه‌رۆك بارزانی گوتی: پڕۆژە‌ی زۆر مه‌زن ئه‌نجام دراون و پڕۆژە‌ی مه‌زنتریش له به‌رنامه‌دا هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌تی ئێمه پشت به خۆی ببه‌ستێت، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا به كرده‌وه ئه‌وه سه‌لمێنراوه كه زۆربه‌ی پڕۆژە‌كانمان به ده‌ستوپه‌نجه‌ی ناوخۆیی به شێوازێك و ئاستێكی زۆر به‌رز ئه‌نجام دراون، بۆیه ئێمه پشتمان به میلله‌تی خۆمان و پێشمه‌رگه گه‌رمه و له ژێر هیچ فشارێك سازش له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆمان و مه‌بده‌ئه‌كانی خۆمان ناكه‌ین.
