10 ڕۆژی داهاتوو ئەحمەد شەرع دەچێتە ئەمەریکا
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا ڕایگەیاندووە، 10 ڕۆژی داهاتوو سەرۆکی سووریا دەچێتە واشنتن، دەشڵێت دوای سەردانەکەی دانوستانەکانی سووریا و ئیسرائیل دەست پێ دەکەنەوە.
شەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا بڵاوی کردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە 10 تشرینی دووەمی 2025 بچێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
باسی لەوەش کردووە، دوای سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتن، پێشبینی دەکرێت گەڕی پێنج دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ڕێککەوتنی ئەمنی بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ.
ئەو پێگەیە ئەمەریکییە ئاماژەشی داوە، ئەحمەد شەرع، دەبێتە یەکەم سەرۆکی سووریا کە سەردانی کۆشکی سپی بکات.
هەروەها تۆم باراک لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەحمەد شەرع، بە مەبەستی بەشداریکردنی سووریا لە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش سەردانی واشنتن دەکات.
هەر ئەمڕۆ شەممە، تۆم باراک، لە کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە ڕایگەیاندبوو، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریان لەنێواندا هەیە، گفتوگۆکانی نێوانیان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئامانجیان ڕێککەوتنە.
تۆم باراک، ئاماژەشی دابوو، لە 10 مانگی ڕابردوو سەرەڕای ئاڵنگارییەکان ئەحمەد شەرع،سەرۆکی سووریا کاری باشی کردووە، ئامانجی ئەمەریکاش ئەوەیە گەلی سووریا بە خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەیان بژین.
