گرۆسی: ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یورانیۆمی پیتێنراوی هەیە
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت: هێرشەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، چالاکییە ئەتۆمییەکانی تارانی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕاگرتووە، بەڵام هێشتا توانای دەستپێکردنەوەیان هەیە.
ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە، گوتی: ئێران تا ئێستا ئەندامی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە، بۆیە نابێی ڕێگریی لە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بکات، بەڵام پەرلەمانی ئەو وڵاتە دوای جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل یاسایەکی پەسند کردووە کە هاوکارییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ ئاژانس سنووردار دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەشڵێت: هەر وڵاتێک یۆرانیۆمی پیتێنراوی تا ئاستی کەمتر لە 60%ـی هەبێت، دەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
گرۆسی ئاشکراشی کرد، هێرشەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، چالاکییە ئەتۆمییەکانی تارانی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕاگرتووە، بەڵام هێشتا توانای دەستپێکردنەوەیان هەیە.
هاوکات باسی لەوەش کرد، ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یورانیۆمی بە ڕێژەی 60% پیتێنراوی هەیە کە دوای جەنگی 12 ڕۆژە دیار نییە ئەو یورانیۆمە چی بەسەر هاتووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.
