سبەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی گرێبەست دەکات.
سبەی یەکشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی هەشتی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکات.
هاوکات هەر سبەی مووچەی مانگی هەشتی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای 1ی تەممووزی 2025، بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، 945 ملیار و 817 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئاب (هەشت)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڕۆژی دواتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران کرد.
