ئەمەریکا: حەماس بارهەڵگرە هاوکارییەکان تاڵان دەکات
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە، حەماس ئەو بارهەڵگرە هاوکارییانەی بەرەو غەززە دەچن تاڵان دەکات و ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان دەگرێت، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دەڵێت: ئەو کارەی حەماس دەبێتە هۆی تێکدانی پلانی ئاشتی لە غەززە و دەبێت ئەو بزووتنەوەیە چەکەکانی دابنێت.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە و کە تێیدا حەماس بارهەڵگرێکی هاوکارییان تاڵانان دەکات و نووسیویەتی: ناوەندی هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازی (CMCC) بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، چاودێریی ئۆپەراسیۆنی تاڵانکردنی بەشێک لە بارهەڵگرە هاوکاریی مرۆییەکان لە لایەن حەماس دەکرد، کە بۆ گەیاندنی یارمەتیی پێویست لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانەوە بە هاووڵاتییانی غەززە لە باکووری خان یونس بەڕێ کەوتبوون.
باسی لەوەش کردووە، ناوەندی هەماهەنگی لە ڕێگەی چاودێریی ڤیدیۆیەوە لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی لە ئاسمانەوە چاودێریی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیلی دەکات.
سێنتکۆم ڕاشیگەیاندووە، چەکدارەکان سەرەتا هێرشیان کردە سەر شۆفێری بارهەڵگرەکە و دواتر هاوکارییەکەیان دزی، تاوەکوو ئێستا چارەنووسی شۆفێرەکە دیار نییە. هۆشداریشی داوە، ئەو ڕووداوە لێکەوتەی خراپی لێ دەکەوێتەوە.
ئاماژەشی بەوەش کردووە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژانە زیاتر لە 600 بارهەڵگری هاوکارییان گەیاندووەتە غەززە. هاوکات نزیکەی 40 وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کە لە CMCC نوێنەرایەتی دەکرێن، پێکەوە کار بۆ یارمەتیدان لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، لۆجستی و ئەمنی بۆ ناو غەززە دەکەن.
هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەو بارەوە نووسیویەتی: حەماس لە بێبەشکردنی خەڵکی غەززە لەو هاوکارییە مرۆییەی کە زۆر پێویستیان بەردەوامە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت: ئەم کارە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە هاووڵاتییانی بێتاوان، تێک دەدات. جەختیشی لەوە کردووەتەوە حەماس ئاستەنگەکەیە و پێویستە چەکەکانیان دابنێن و دەست لە تاڵانکارییەکانیان هەڵگرن بۆ ئەوەی غەززە داهاتوویەکی گەشی هەبێت.
US Drone Observes Aid Truck Looted by Hamas in Gaza
— U.S. Central Command (@CENTCOM) November 1, 2025
TAMPA, Fla. – On Oct. 31, the U.S.-led Civil-Military Coordination Center (CMCC) observed suspected Hamas operatives looting an aid truck traveling as part of a humanitarian convoy delivering needed assistance from… pic.twitter.com/BFa2BPwk2a
