به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا زیان له‌ ئابووری ئه‌مه‌ریكا ده‌دات

پێویستی به‌ پشتیوانی زیاتره‌

K24 – هه‌ولێر:

جێرمی پاول، سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئابووری وڵاتەکەیان جێگەی دڵەڕاوکێیە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمه‌ریکا گوتی: دابینکردنی پشتیوانی دارایی نوێ بۆ گەشانەوەی ئابووری وڵاتەکەی گرنگە  .

پاوڵ دەڵێت، دیدگای ئابووری بە تەواوی ناڕوونە، ئابووریش بە تەواوی ناگەشێتەوە تا ئەو کاتەی خەڵک دڵنیا نەبن لە سەلامەتیان بە فراوانی چالاکییەکان دەست پێ بکاتەوە.

هەروەها ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندی ئەمه‌ریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو رێوشوێنانەی کۆنگرێس پێشووتر پەسەندی کرد، بنەمایەک بوو بۆ گەشانەوەی ئابووری تاوەکو ئێستا، بۆیە ئابووری وڵات پێویستی بە پشتیوانی زیاترە.