شانۆگەری "هۆدە" لە هەڵەبجە نمایش کرا
شانۆگەری "هۆدە"، لە نووسین و دەرهێنانی هۆگر هەڤاڵ کە کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن؛ رۆژی هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە نمایش کرا و هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.
شەممە، 3ی تشرینی یەکەمی 2026، هۆگر هەڤاڵ، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەو شانۆگەرییە من کاری نووسین و دەرهێنانم بۆ کردووە، محەممەد عەبدوڵڵا، بەرێوەبەری بەرهەمەکەیە و جێبەجێکاری رووناکی لەلایەن سۆزیار حەمیدەوە کراوە و ئەردەلان رەمەزان کاری دیکۆری نمایشەکەی کردووە و هەر یەکە لە، هەردی هادی، رەزوان حەیدەر، هامیار حەمە ئەمین، پارسا هەورامان و کارۆ سۆران، رۆڵی سەرەکی لە نمایشەکەدا دەبینن."
هۆگر هەڤاڵ سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "لە یەکەم ساتەکانی نمایشەکەوە، ناوی "هۆدە" تەنیا ناوی نمایشەکە نییە، بەڵکو شوێنێکە کە رووداوەکانی چیرۆکەکە لێی دەست پێدەکەن. خاوەنی هۆدەکە منم لەگەڵ میوانەکانی بانگهێشتکراوی خۆم دەمەوێت نووسینێک بنووسم، بەڵام ئەو نووسینە بە تەنیا لەسەر کاغەز نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە دەستپێکی گەشتێکی درێژ بۆ کارەکتەرەکانی نمایشەکە."
ئەو دەرهێنەرە جەختی کردەوە، "من لەگەڵ ئامادەبوونی میوانەکانم، دەست بە نووسینی چیرۆکەکە دەکەم و لەگەڵ پێشچوونی نووسینەکە، کارەکتەرەکان یەک لە دوای یەک دروست دەبن. هامیار، پارسا، رەزوان و کارۆ، وەک کارەکتەرەکانی ئەو نووسینەم، دەچنە ناو جیهانێکەوە کە خۆم دروستم کردووە."
هۆگر هەڤاڵ بەم شێوەیە زیاتر باسی لە چیرۆکی نمایشەکە کرد؛ "بەڵام گەشتەکەی ئەوان تەنیا گەشتێک لە ناو چیرۆکێکدا نییە؛ ئەوان بە رێگەی ئەو نووسینەی منەوە بە دوای راستی دەگەڕێن. هەرچەند چیرۆکەکە بەرەو پێش دەچێت، کارەکتەرەکان زیاتر رووبەرووی پرسیار و رووداوە جیاوازەکان دەبنەوە و ئەو گەشتە درێژەی پێ دەدرێت تا بزانن لە کۆتاییدا راستی لە کوێی ئەم چیرۆکەدا دەشاردرێتەوە."
هۆگر هەڤاڵ باسی لەوەش کرد، "لەم نمایشەدا نووسین تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، بەڵکو خۆی دەبێتە بەشێک لە رووداوەکان. ئەوەی من دەینووسم، کاریگەری لەسەر ژیانی کارەکتەرەکان دادەنێت و کارەکتەرەکانیش بە هەنگاوەکانی خۆیان رێڕەوی چیرۆکەکە دەگۆڕن و لە رێگەی ئەم پەیوەندییەدا، نمایشەکە بینەر دەخاتە ناو گەشتێکەوە کە تێیدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە؛ ئایا راستی ئەوەیە کە دەنووسرێت، یان ئەوەیە لە پشت ئەو نووسینەوە دەڕوات؟."