لە بەغدا نرخی زێڕ لە هەڵکشاندایە

لە بەغدا بازاڕی زێڕ لە خراپترین دۆخدایە، بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی ئەم کانزا گرانبەهایە وایکردوو گەنجان بیر لە هاوسەرگریی نەکەنەوە، چونکە پارەی کڕێنی زێڕیان بۆ بووک نییە.

ئەمیر بارانی، بازرگانی زێڕ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەوانەی دەیانەوێت هاوسەرگریی بکەن هەردووکیان لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون کە بڕێک زێڕ بکەن، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کاریگەری لەسەر هاوسەرگریی کردووە، ئەو بڕە زێڕەی زاوا دەیکات گەر لە ڕابردوودا بەهاکەی سێ ملیۆن دینار بوایە، ئێستا بووەتە شەش ملیۆن.  هەندێک لە بووکەکان تەنیا بەیەک ئەڵقە ڕازی دەبن، هەندێک باس لە دابەزینی نرخی زێڕ دەکەن، پێموانییە دابەزێت.

ئەوانەی بیر لە هاوسەرگریی دەکەنەوە، هەوڵدەدەن چارەسەرێکی خوازراو بدۆزنەوە، دەیانەوێت لە مارەیی لە زێڕەوە بکەنە بڕە پارەیەکی دیاریکراو، هەرچی پەیوەستە بە ئافرەتانەوە؛ بەشێکیان زۆر گرنگی پێنادەن، بەتایبەتی لە ئێستادا هیوایەک هەیە بەوەی ڕەنگە نرخی زێڕ دابەزێت.

هاووڵاتییەک دەڵێت: گۆڕینی زێڕ بە بڕە پارەیەک ڕەنگە ئەرێنی بێت، چونکە زیانی بۆ هیچ لایەک نابێت، بەتایبەتی گەر هەردوولا لەسەری ڕێكکەون.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: پێویستە خێزان و دایکەکان ژیانی هاوسەرگریی تەنیا پەیوەست نەکەن بە زێڕەوە، بەڵکو هەوڵدەن کەسی گونجاو بدۆزنەوە، بەلای منەوە زێڕ مەرج نییە بەڵکو شتی دیکە هەن گرنگترن. گەر نرخی زێڕ لە داهاتوودا دابەزی ئەوکات بیکڕن.

ئابووریناسان پێشبینی دەکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا نرخی یەک مسقاڵ زێڕ یەک ملیۆن دینار تێپەڕێنێت، ئەمەش کاریگەری کۆمەڵایەتی دەبێت لەوانەش؛ کەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگریی تا ئاستێکی بەرچاو.

 
Fly Erbil Advertisment