لە سۆران چەندین هاووڵاتی ڕزگار کران و هۆشداریی دەدرێتە شۆفێران
بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەواوە، چەندین ڕووداو لە سنووری سۆران ڕوویانداوە و هۆشداریی دەدرێتە شۆفێران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفروبارانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا چەندین ڕووداوی جیاجیا ڕوویانداوە و تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان.
میراودەلی ئاماری ڕووداوەکانی 24 کاتژمێری ڕابردووی خستەڕوو:
- ڕزگارکردنی سەرنشینانی چەندین ئۆتۆمبێل کە لە چیای حەسەن بەگ و چیای زۆزک لەنێو بەفردا گیریان خواردبوو.
- ڕزگارکردنی 20 ئۆتۆمبێل لە دۆڵی ئاڵانە.
- لە ناحیەی مەزنێ، بەهۆی بارانبارینەوە شاخ و ڕێگای پشت ماڵی هاووڵاتییەک داڕماوە و مەترسی لەسەر ڕووخانی خانووەکەی دروستکردووە.
- لە قەزای سیدەکان، حەوت هاووڵاتی لەنێو بەفردا گیریان خواردووە و هەوڵەکانی تیمەکانیان بۆ ڕزگارکردنیان بەردەوامە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "دەنگۆی ونبوونی چەند هاووڵاتییەکی دیکە هەیە، بەڵام تائێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە".
- ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادارکراونەتەوە کە چەند کەسێک لە گۆمی فێلاو لە قەزای چۆمان گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
- جگە لەمانەش، چەند ڕووداوێکی بچووکی ئاگرکەوتنەوەش هەبوون.
ڕێگای سۆران - سیدەکان مەترسیدارە
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران هۆشدارییەکی توندیشی دایە شۆفێران و ڕایگەیاند: "رێگای سۆران - سیدەکان لە لۆفەکانی سەری بەرد ئاستەنگی زۆری بۆ هاتوچۆ دروست کردووە، داوا لە شوفێران دەکەین هەوڵ نەدەن ئەم ڕێگایە بەکاربهێنن، بەتایبەت ئۆتۆمبێلە بچوکەکان".
ناوبراو زیادی کرد "لە دوای داهاتنی شەو، پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن و ڕێگاکە بە تەواوی دەیبەستێت، بۆیە تکایە بۆ سەلامەتی گیانی خۆتان و سەرنشینان پابەندی ڕێنماییەکان بن".
لەکۆتاییشدا، موقەدەم کاروان میراودەلی ئەوەی خستەڕوو، پەیجی فەرمیی بەرگریی شارستانیی سۆران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بە هۆکارێکی نادیار سڕاوەتەوە و لە ئێستادا هیچ پەیجێکی فەرمییان نییە بۆ گەیاندنی ڕێنماییەکان.
