دیمیتری پیسکۆڤ: دیداری پوتن و ترەمپ ناکرێت
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، بەم نزیکانە دیداری نێوان ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ناکرێت و پێویستیش بە دیدار ناکات، بەڵام باشترین چارەسەر بۆ کێشە و ناکۆکییەکان دپلۆماسیە.
یەکشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی ئەم دواییانەی نێوان مۆسکۆ و واشنتن، لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، بە پێویستی نازانین دیداری نێوان ڤلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ بکرێت.
جەختی لەوەکردووەتەوە، بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا لە بارەی ئۆکرانیا و پڕ چەککردنی ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمەریکا و ئەورووپاوە، لە جیاتی زمانی هەڕەشە، دپلۆماسیەت بە تاکە ڕێگای چارەسەر دەزانین.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە، 1ـی تشرینی دووەم، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، پێدانی چەکی زیاتر بە ئۆکرانیا لە لایەن ئەمەریکا و ئەورووپاوە یارمەتیدەر نابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان، قسەکانی زاخارۆڤا، لە دوای هەڵوێستەکەی کۆشکی سپی هات، کە ئاماژەیدابوو، ئەمەریکا ڕەزامەندی نیشانداوە مووشەکی توماهۆک بدات بە ئۆکرانیا.
ڕۆژی 16ـی مانگی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە گەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان بەم نزیکانە لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا کۆ دەبنەوە، بەڵام ئاماژەی بە کاتەکەی نەکردووە.
هەفتەیەک دواتر، ترەمپ ڕایگەیاند، دیدارەکەی لەگەڵ پوتن هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە بڕوای وایە گفتوگۆ هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نابێت و کاتەکەی گونجاو نییە، هاوکات ئەمەریکا سزای نوێی بە سەر دوو لە گەورە کۆمپانیاکانی غاز و نەوتی ڕووسیادا سەپاندووە.
لە بەرانبەردا لایەنی ڕووسیا ئاماژەیان بەوەکردووە، دیداری بوداپێست وەک ئەوە نییە کە ئەمەریکییەکان باسیان کردووە، بەڵکو هەڵنەوەشاوەتەوە و دواخراوە.
ڕۆژی هەینی 15ـی ئابی ڕابردوو، دیداری لووتکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە ویلایەتی ئالاسکا و لە فڕۆکەخانەی بنکەی هاوبەشی ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسۆن بەڕێوەچوو، کە ئەجێندای سەرەکی لووتکەکە کۆتاییهێنان بوو بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
