توێژینەوەیەکی زانستی سوود و جۆرەکانی ئاوی خواردنەوە ڕوون دەکاتەوە
لەشی مرۆڤ بە ڕێژەی 50-60% لە ئاو پێکهاتووە بۆیە خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو یارمەتی کەمکردنەوەی فشار و شێدارکردنەوەی جوومگەکان دەدات، جگە لەمەش ئەندامەکانی لەش دەپارێزێت و پلەی گەرمی جەستە ڕێکدەخات، هاوکات بڕی پێویستی ئاو سووری خوێن باشتر دەکات و لەشی مرۆڤ لە پاشماوە خاوێن دەکاتەوە.
چەند جۆرێکی ئاو هەیە کە لەڕووی زانستییەوە لەش بە شێداری دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی بە بە باشترین شێوە کار بکات. هەموو جۆرێکی ئاو، وەک ئاوی ئاسایی، کانزایی، یان گازی، کەمێک پێکهاتەی جیاوازیان هەیە، کە لە هەست و تامدا جیاواز بن؛ بەڵام هەندێک جۆری ئاو هەیە، لەوانەیە پەیوەندییان بە مەترسی یان سوودی زیاتری تەندروستییەوە هەبێت.
زانینی پێکهاتەی هەر جۆرە ئاوێک، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ئامانج و ویستەکانتدا دەگونجێت.
ئاوی بۆڕی
ئاوی بۆڕی بەردەستترین و هەرزانترین و باوترین ئاوە، کە لە ڕێگەی تۆری دابەشکردنی ئاوی ماڵانەوە بەردەستە و ئاوێکی گونجاوە بۆ خواردنەوە.
بەگوێرەی ڕاپرسییەک کە گۆڤاری Health Magazine ئەنجامەکەی بڵاوکردووەتەوە، لە 15%ی بەساڵاچوانی ئەمەریکا پێیان وایە کە ئاوی بۆڕی ئاوێکی سەلامەت نییە بۆ خواردنەوە و 39% پێیان وایە ئاوی لە دەبەکراوە سەلامەتترە لە ئاوی بۆری.
هەروەها نزیکەی 26%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە حەزیان لە تامی ئاوی بۆری نییە، بەڵام زۆربەی کات ئاوی بۆڕی سەلامەتە بۆ خواردنەوە.
ئاوی پاڵاوتراو
ئاوی پاڵاوتراو هیچ تەن و ماددەیەکی زیانبەخش لە ئاو لانابات، ئەگەر ئاوی بۆرییەکەت فلۆراید، قورقوشم، یان توخمگەلێکی دیکەی نەویستراوی تێدابێت، فلتەرێکی ئاو بە شێوەیەکی بەرچاو پێکهاتەی ئاوەکە ناگۆڕێت.
فلتەرەکانی کاربۆن پێویستە بە بەردەوامی بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی پیس نەبن یان نەگیرێن. بەشێک لە شارەزایان هۆشداری دەدەن کە فلتەرێکی نەگۆڕاو دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەکردنی بەکتریا و کەڕوو، کە ئاو ژەهراویتر بکات، وەک لەوەی بەبێ فلتەر بێت.
ئاوی پاککراو
ئاوی پاککراو ئەو ئاوەیە کە چارەسەر کراوە بۆ ئەوەی ستانداردەکانی پاکی یان بێگەردی دەرمانسازی ئەمەریکا U.S. Pharmacopeia بەدەست بهێنێت.
بۆ بەدەستهێنانی ئەم ستانداردە، ئاوی پاککراو نابێت هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێدا بەکاربهێنرێت و نابێت لە کۆی یەک ملیۆن ماددە تواوە، زیاتر لە 10 ماددەی تواوەی تێدا بێت، بەڵام دەبێت بێ میکرۆب بێت، جا لە ڕێگەی دڵۆپاندن یان ئۆسمۆسی پێچەوانە چارەسەر بکرێت.
ئاوی کانی لە پێکهاتەیەکی ژێر زەوییەوە بە سروشتی بۆ سەر ڕووی زەوی هەڵدقوڵێت؛ بۆ ئەوەی ئاوی لە دەبەکراو وەک ئاوی کانی ناوبنرێت، پێویستە ئاوەکە لە کانی یان لە بیرێکەوە هەڵهێنجرێت، بۆ ئەوەی پێکهاتەی ژێر زەوی لەخۆ بگرێت.
ئاوی کانزایی ڕێژەیەکی سروشتی و جێگیری کانزا و توخمەکانی تێدایە، سەرچاوەکەی کانییەکانی ژێر زەویی و ڕێژەی کانزاکان دوای گلدانەوەی ئاوەکە لەسەر زەوی دەپێورێت.
بۆ ئەوەی ئاوەکە بە ئاوی کانزایی هەژمار بکرێت، دەبێت لانیکەم 250 بەش لە هەر ملیۆنێک ماددە ڕەقە تواوەکاندا لەخۆ بگرێت، بەپێی ڕێساکانی FDAهەروەها کانزا و توخمە شوێنەوارییەکانی ناو ئاوەکە دەبێت لە سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوییەوە بێت بۆ ئەوەی بە ئاوی کانزایی ناو بنرێت، چونکە دواتر ناتوانرێت توخمە سەرەکییەکانی بۆ زیاد بکرێن.
هەرچەندە هەندێک بەرهەم بە ناوی ئاوی کانزایی دەستکرد بەردەستن، بۆ نموونە، خواردنەوەی ئاوی کانزایی لەوانەیە هەندێک سوودی تەندروستی هەبێت. بەڵام، پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت پێش ئەوەی ئاوی کانزایی بەسەر جۆرەکانی تری ئاوی خواردنەوەدا پێشنیاز بکرێت.
ئاوی گازی بریتییە لەو ئاوەی کە گازی دوانۆکسیدی کاربۆنی تێکراوە. لە هەندێک حاڵەتدا ئەمە بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی دوانۆکسیدی کاربۆن بۆ سەرچاوەی ئاوە سەرەتاییەکە ئەنجام دەدرێت.
خواردنەوەی ئاوی گازی ناتوانێت هەستکردن بە گەرمی ڕێکبخات (توانای هەستکردن بە پلەی گەرمی) وەک ئاوی ساردی بێ گاز.
ئاوی تفت Alkaline water ، کانزا و ئەلکترۆلایتەکانی تێدایە و PH ی بەرزترە لە ئاوی ئاسایی، واتە ترشێتی کەمترە و تفتی زیاترە. هەربۆیە بەکارهێنەرانی ئەم جۆرە ئاوە، بڕوایان وایە، ئەم جۆرە ئاوە دەتوانێت ترشی لەش هاوسەنگ بکات و کرداری شێدارکردن و چەند سوودێکی دیکەی تەندروستی هەبێت.
توێژینەوەیەک دەریخستووە کە خواردنەوەی ئاوی تفت کاریگەریی ئەرێنی بۆ بەهێزکردنی ئێسک هەیە، هەروەها توێژەران پێشنیاز دەکەن کە ئەم جۆرە ئاوە دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی کاریگەریی نەرێنی خواردنی ترش کەم بکاتەوە و بە پێچەوانەوە یارمەتی شێدارکردن بدات.
لەلایەکی دیکەوە، توێژینەوەیەک دەریخست کە پەیڕەوکردنی سیستەمی خۆراکی ڕووەکی و خواردنەوەی ئاوی ئەلکەلاینی بە هەمانشێوەی دەرمانەکان کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی ڕشانەوەی (LPR) کە بەهۆی گەڕانەوەی ترشی گەدە بۆ نێو بۆری هەناسەدان ڕوو دەدات.
ئاوی دڵۆپێنراو
هەرچەندە ئاوی دڵۆپێنراوDistilled water سەلامەتە بۆ خواردنەوە، بەڵام زۆربەی خەڵک حەزیان لە تامەکەی نییە و بە ئاوێکی بێ چێژ وەسفی دەکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کانزاکانی وەک کالسیۆم و مەگنیسیۆمی لێ لادراوە کە تامێکی خۆش بە ئاوی دەبە و ئاوی بۆڕی دەدەن.
ئاوی دڵۆپێنراو لە ڕێگەی پڕۆسەی دڵۆپاندنەوە بەرهەمدەهێنرێت و بە یەکێک لە پاکترین جۆرەکانی ئاوی خواردنەوە دادەنرێت، بەتایبەتی چونکە ئەم پڕۆسەیە میکرۆبەکان دەکوژێت و کانزاکان لادەبات.
هەروەها بەهۆی پاکیەکەیەوە، پێشنیاز دەکرێت ئاوی دڵۆپێنراو بۆ شێدارکەرەوە و شوشتنی لووت بەکار بهێنرێت، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی لە تاقیگە زانستییەکاندا.
نیشانەکانی کەم خواردنەوەی ئاو
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی کەم خواردنەوەی ئاو وشکبوونەوەی لەشە.
وشکبوونەوە کاتێک ڕوودەدات کە لەش ئاوی زیاتر لە پێویست لەدەست دەدات یان بە درێژایی ڕۆژ بە بڕی پێویست ئاو ناخۆرێتەوە بۆ پاراستنی شێداری لەش.
تەنانەت وشکبوونەوەیەکی کەمیش دەتوانێت نیشانە دروست بکات، بۆیە هەستکردن بە تینوێتی؛ زۆرجار نیشانەی ئەوەیە کە لەش پێشتر وشک بووەتەوە. لێرەدا هەندێک نیشانەی دیکە هەن کە نیشانەی ئەوەن کە بە بڕی پێویست ئاو ناخۆرێتەوە:
- پێست و لێوەکان وشک دەبن
- هەستکردن بە ماندووێتی
- هەستکردن بە گێژبوون
- سەر ئێشە
- گرژبوونی ماسوولکەکان
- تۆخبوونی ڕەنگی میز
- کەمی میزکردن
ڕۆژانە لەشی مرۆڤ چەند ئاوی پێویستە؟
ڕێنماییەکی گشتگیر نییە لەسەر ڕێژەی ئەو ئاوەی پێویستە ڕۆژانە بخوورێتەوە. پێداویستییەکانی هەر کەسێک بە گوێرەی تەمەن، کەشوهەوا، کێش، ئاستی چالاکی، و دۆخی تەندروستی جیاوازە؛ بەڵام هەندێک شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە کە خواردنەوەی 11.5 کوپ شلەمەنی ڕۆژانە بۆ ژنان و 15.5 کوپ شلەمەنی ڕۆژانە بۆ پیاوان وەک ڕێنماییەکی گشتی پێشنیاز دەکەن.
پێداویستی ڕۆژانەی مرۆڤ بۆ ئاو لە ئاو و خواردن و شلەمەنییەکانی دیکە وەردەگیرێت، بە گشتی خواردن نزیکەی 20%ی پێداویستییەکانی ئاوی ڕۆژانە دابین دەکات، 80%ی دیکەش لە ئاوی سادە و خواردنەوەکانی ترەوە دەبێت. ئەمە واتە ژنان پێویستە نزیکەی نۆ کوپ ئاو بخۆنەوە و پیاوان پێویستە نزیکەی 13 کوپ ڕۆژانە بخۆنەوە.
ئەو کەسانەی کە نەخۆشن یاخود لە کەشوهەوای گەرم دەژین یان ئەو کەسانەی بەردەوام وەرزش دەکەن، پێویستیان بە ئاوی زیاترە بەراورد بە کەسانی دیکە.
بە گوێرەی توێژینەوەی زانستی، ئافرەتی دووگیان ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی 12 کوپ (2.83 لیتر) ئاو هەیە، بەڵام ئەو دایکانەی شیر بە منداڵەکانیان دەدەن، ڕۆژانە پێویستیان بە خواردنەوەی 16 کوپ ئاو دەبێت.
