بەرەی توركمانی: كەركووك لە پارێزگاوە بووەتە گوند
بۆ جاری یەكەم بەرەی توركمانی داندەنێت بە گەندەڵی و خراپی رەوشی خزمەتگوزاری لە كەركووك
.jpg)
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی بەرەی توركمانی، پەرلەمانتا ئەرشەد ساڵحی، ئەمڕۆ ھەینی گلەیی لە پاشهكشەكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی پرۆژەی ژێرخانی لە پارێزگای كەركووكی كرد بە ھۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی لە فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەت لە پارێزگاكەدا.
ساڵحی لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "پارەیەكی زۆرمان بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەكانی پارێزگای كەركووك و تەواوكردنیان تەرخانكرد، بەڵام رێژەی جێبەجێكردنیان لەئاست ویستراو نییە".
گوتیشی: "داوامان لە فەرمانگاكانی دەستپاكی و چاودێری دارایی كردووە لێكۆڵینەوە لە خەرجییە دارییەكانی ئەو پڕۆژانە بكەن" و پهژارهی دهربڕی لەبەرامبەر "ئەو كەمتەرخەمییە ھەیە لە پڕۆژەكاندا، كە كەركووكی لە پارێزگایەكی مەدەنی ناسراو كرد بە گوندێك بەھۆی گەندەڵی و زیادەڕۆییەكانی بەردەوام".
ساڵحی ئاماژەیكرد، "كەركووك پێویستیی بە ئەنجوومەنێكی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری سەربەخۆ ھەیە، نەك تەنھا بە پشتبەستن بە بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكان".
سەرۆكی بەرەی توركمانی ئاشكراشیكرد، "داوامان لە لایەنەكانی پەیوەدندیدار كردووە قەبارەی ئەو پارەیە ئاشكرا بكەن ئەوەی بۆ فڕۆكەخانەی كەركووك تەرخانكراوە و رێگاكانی خەرجكردن و ئەو كارانەی كە لەو پڕۆژەیە ئەنجامدراون".
ئەمەش جاری یەكەمە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەرەی توركمانی داندەنێت بە گەندەڵی فەرمانگە و دەزگاكانی حكومەت لە پارێزگای كەركووك و داڕمانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجامی ئەو رەوشە نا ئاساییەی ئەو پارێزگایە تێیكەوتووە بەھۆی سەپاندنی پارێزگایەكی نایاسای و داگیركردنی لە لایەن حەشد وھێزەكانی دیكە.