ترەمپ: بیر لە خولی سێیەمی سەرۆکایەتی ناکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" ڕایگەیاند، بیر لە خۆکاندیدکردنەوە بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی ناکاتەوە، لە کاتێکدا دان بەوەدا دەنێت خەڵکێکی زۆر ئارەزووی مانەوەی دەکەن لە پۆستەکەیدا.

ترەمپ گوتی: "خەڵکێکی زۆر دەیانەوێت من خۆم کاندید بکەم بۆ هەڵبژاردنی 2028، بەڵام من تەنانەت بیریشی لێ ناکەمەوە. ."

هەروەها جەختی کردەوە کۆمارییەکان، بە پێچەوانەی دیموکراتەکانەوە، چەندان کاندیدی بەهێزیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، وەک جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە.

ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت لە چەند مانگی ڕابردوودا چەند جارێک ئاماژەی بە ئەگەری خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی سێیەم کردبوو.

هەموارکردنی 22 دەستووری ئەمەریکا ڕێگری لە هەر سەرۆکێک دەکات بۆ جاری سێیەم خۆی کاندید بکاتەوە. گۆڕینی ئەم یاسا دەستوورییە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و ئەستەمە.بەڵام ترەمپ پێشتر بە کەناڵی "ئێن بی سی نیوز"ی ڕاگەیاندبوو، ڕێگایەک هەیە دەتوانێت بۆ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی بەکاری بهێنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment