ئیسرائیل دەیەوێت یاسای لەسێدارەدانی زیندانییە فەڵەستینییەکان پەسەند بکات

زیندان
زیندان

ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2025، لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە کنێسێت، یاسای لەسێدارەدانی زیندانییە فەڵەستینییەکانی پێشنیاز کرد، کە بڕیارە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بخرێتە دەنگدانەوە.

لەمبارەیەوە، گاڵ هیرش، بەرپرسی دۆسیەی زیندانییە فەڵەستینییەکان لە بەردەم لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی، ڕایگەیاند، قسەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کردووە لەبارەی پێشنیاز و پەسەندکردنی یاسای لەسێدارەدان. بە گوێرەی قسەکانی هیرش، ناتانیاهۆ هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و ئێستا پشتگیریی یاساکە دەکات، لە کاتێکدا پێشتر، کاتێک بارمتە ئیسرائیلییەکان لەژێر دەستی حەماسدا بوون، دژایەتیی دەکرد.

ئیتیمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، گوتوویەتی: "تێڕوانینمان لەمەڕ بارمتەکانەوە گۆڕاوە. هەموو لایەک دەزانن، مردن گونجاوترین سزایە بۆ ئەو کەسانەی چەکیان هەڵگرتووە و تاوانی کوشتنیان دژی ئیسرائیل ئەنجام داوە."

بن غەفیر ئاماژەی بەوە کردووە، پشتگیریی یاساکە دەکات و هەروەها گوتوویەتی: "ئەوە یاسایەکی تەواو و بێ کەموکوڕییە، هاوکات ئەرکی سەرشانی هەمووانە دەنگی پێ بدەن."

لەلایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاندووە، پەسەندکردنی یاسای لەسێدارەدانی زیندانییە فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، هیچ بنەمایەکی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی ژنێڤی سێیەمی تێدا بەدی ناکرێت.

حەماس، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بە خێرایی هەنگاو بنێن، دژی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکەی ئیسرائیل بوەستنەوە و ڕێگە نەدەن ئەم کردەوە دڕندانەیە ئەنجام بدرێت. 

هەروەها داوای کردووە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی پێکبهێنن بۆ چوونە ناو زیندانەکانی ئیسرائیل، تاوەکو لە نزیکەوە ڕەوشی زیندانییەکان ببینن و هەوڵی ئازادکردنیان بدەن لەو ئازار و ناڕەحەتییانەی تێیدان، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی زیندانی "سدێ تیمان" کە تێیدا دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر زیندانییەکان لەلایەن سەربازە ئیسرائیلییەکانەوە.

بە گوێرەی زانیاریی میدیا ئیسرائیلییەکان، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گڵۆپی سەوزی بۆ بەرپرسان و ئەندامانی کنێسێتی وڵاتەکەی داگیرساندووە، بۆ ئەوەی یاسای لەسێدارەدانی زیندانییە فەڵەستینییەکان پەسەند بکەن و جێبەجێ بکرێت.

بە گوێرەی بڕیاری لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، بە شێوەی دەنگدان لە کنێسێتی ئەو وڵاتە، بڕیار لەسەر پەسەندکردن یان نەکردنی یاسای لەسێدارەدانی زیندانییە فەڵەستینییەکان دەدرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment