ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە لە قوشتەپە کەوتە خزمەتی هاووڵاتیان
سەرۆکی شارەوانی قوشتەپە ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا ژمارەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای قوشتەپە ڕەزامەندیان لە سەر دراوە، بەشێکیان تەواو کراوە و ئێستا لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە، هەندێکیشیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە و بەم نزیکانە دەخرێنە خزمەتی دانیشتوانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2025، عەبدولقادر مزەفەر، سەرۆکی شارەوانی قوشتەپە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سنووری بەڕێوەبەراتییەکەمان، کارکردن بۆ تەواو کردنی سەرجەم ئەو پرۆژانەی تەواو نەکراوە، بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بە گوژمەی دوو ملیار و 390 ملیۆن دینار ڕەزامەندی دراوە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە لە شارۆچکەکەمان، گوتیشی: بەشێک لە پڕۆژەکان تەواو کراوە، کارکردن لە هەندێک پرۆژەی دیکە بەردەوامە، ئێستاش بە گوژمەی 255 ملیۆن دینار، کاری قیرتاو کردن و دروستکردنی ئاوەڕۆ، لە گەڕەکەکانی کۆمەڵگای کاوە، گەڕەکی ژین و مزووریان جێبەجێ دەکرێت.
عەبدولقادر مزەفەر، باسی لەوەشکرد، بەردەوام دەبن لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە دانیشتوانی سنووری شارۆچکەی قوشتەپە، هەروەها لەماوەی پێنج ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، چەندین پرۆژەی گەورە و ستراتیژی جێبەجێکراون، یەکێک لەوانە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە بووە، کە خزمەتێکی گەورە بە دانیشتوانی ئەو سنوورە دەکات و لە قەیرانی کەمئاوی ڕزگاریان دەکات، هاوکات دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆ، لە گەڕەک و کۆڵانەکانی سنووری شارەوانی قوشتەپە بەردەوام دەبێت.
