ڕۆچوونی زەوی، قەیرانی داهاتووی پارێزگای سنە

ساڵانێکە دیاردەی ڕۆچوونی زەوی لە ژمارەیەکی زۆری پارێزگاکانی ئێران دەرکەوتووە و ئێستا بووە بە یەکێک لە قەیرانە جددییەکانی ژینگەی پارێزگای سنە.

ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا' لە ڕاپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە "دەرکەوتنی درزی باریک لە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی دێگوڵان و قوروە، ئێستە بوونەتە نیشانەی دەرکەوتنی قەیرانێکی گەورە. قەیرانێک، کە لەسەرخۆ و ئارام، هەڕەشە لە داهاتووی پارێزگای سنە و بژێوی هەزاران جووتیار دەکات."

بەشێکی زۆری زەوییە بە پیتەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سنە، بە ئاوی ژێرزەوی ئاودێریی دەکرێن؛ بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ڕۆچوونی زەوی لەو ناوچانەدا، لە ئەنجامی کەمبوونەوەی لە ڕادەبەدەری ئاوی ژێرزەوییە. 

وێنە ساتەلایتییەکان و داتا ڕادارییەکان ئەوە نیشان دەدەن، کە دەشتی دێگوڵان لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە نێوان 12 تا 32 سەنتیمەتر ڕۆچووە؛ واتە ساڵانە بە ئەندازەی شەش سەنتیمەتر. هەرچەند ئەم ڕۆچوونە لە لایەن خەڵکی ئاساییەوە هەستی پێ نەکراوە. بەڵام دیاردەی درزبردنی دیوار و داتەپینی ڕێگەوبانەکان، ئێستا نیشانەیەکی ئاشکرای ڕۆچوونی زەوین.

هۆشداریی سەرچاوە سروشتییەکانی سنە

بەهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکان و ئاودێریی پارێزگای سنە، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا'ی گوت: دیاردەی ڕۆچوونی زەوی لە پارێزگای سنە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ بەتایبەت لە دەشتەکانی ڕۆژهەڵات و ئەو ناوچانەی بۆ ئاودێریی پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن. ئەگەر پێشگیریی لەم دیاردەیە نەکرێت، لە داهاتوودا زیانی گەورەی ئابووری، ژینگەیی و ژێرخانیی بەرچاوی لێ دەکەوێتەوە.

شەریفی پوور، گوتیشی: بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، دەشتی دێگوڵان لە نێوان ساڵانی 2014 و 2021  بە ئەندازەی 12 تا 32 سانتیمەتر ڕۆچووە.

مەترسیی تێکچوونی ژێرخانەکان 

بەڕێوەبەری سەرچاوەسروشتییەکان و ئاودێریی پاریزگای سنە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە هەندێک لە دەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی تا 36 مەتر تۆمار کراوە. ئەم ڕادەیە، مەترسیی ڕۆچوونی باڵەخانەکان، هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو، تۆڕی ئاوەڕۆ و ڕێگاوبانەکان زیاتر کردووە.

شەریفی پوور، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و شێوازی ئاودێریی، چاکسازیی تێدا نەکرێت، پارێزگای سنە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی بەرفراوانی ژێرخانی و ژینگەیی دەبێتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment