گەنجێکی کورد پرسی ڕيفراندۆم و دەوڵەتی كوردی دەباتە كۆنگرەی ئاشتیی جيهانی
عادل مەلا ساڵح ناسراو به حاكم عادل، وەک تاکە کوردێک لە نێو نوێنەرانی زیاتر لە 20 وڵاتی عەرەبی و بیانی بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە، وەک باڵیۆزی ئاشتی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنگرەی ئاشتیی جیهانی لە قاهیرە کرد.
حاکم عادل لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، جێگەی شانازیە بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە، کولتووری کوردەواری بە جیهانی عەرەبی و بيانی بناسێنم.
گوتيشی: زۆر بە ڕاشكاوانه لەبەردەمی نوێنەرانی 20 وڵاتی عەرەبيدا ڕامگەياند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی و ئارامی ڕاستەقينه بە خۆوه نابينێت تا ڕاگەياندنی دوو دەوڵەتی كوردی و فەڵەستينی لە خەونەوە نەكرێت بە ڕاستی.
حاکم عادل لە کۆنگرەی ئاشتیی جیهاندا، باسی لە ڕیفراندۆم و خواستی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کرد و گوتی: بە ئامادەبووانم ڕاگەیاند، هۆكارە دەرەكی و هەرێمیيەكان ئەنجامی ڕيفراندۆميان وەستاند، ئەگەرنا زیاتر لە 90% خەڵكی كوردستان دەنگیان به "بەڵێ" بۆ سەربەخۆيی كوردستان داوە.
حاکم عادل ڕوونیکردەوە، کۆنگرەی ئاشتیی جیهانی ساڵانە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەدەچێت، ئەمە جاری سێیەمە وەک تاکە کوردێک بەشداری ئەو کۆنگرەیە دەکەم، گوتیشی: جارێکی دیکەش متمانەی ناوەندیی ئاشتیم پێ بەخشرایەوە، کە بە باڵیۆزی ئاشتی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق درێژە بە کارەکانم بدەم لە بواری کاری ئاشتیخوازی خێرخوازیدا؛ هەروەها بەفەرمی واژۆم لەسەر کاری لیژنەکان و ڕاسپاردەکان و ڕاپۆرتی کۆتایی و کۆنگرە کرد.


