ئەردۆغان هەوڵی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەدات
سەرچاوەیەکی تورکی ڕایگەیاند، قەیرانی ئۆکرانیا و هەوڵەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت دەبن بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی "نۆڤۆستی" ڕاگەیاندووە: "پرسی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئۆکرانیا کارێکی لەپێشینەی بەردەوامی سەرۆک کۆمارە. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بارودۆخی ئێستا و دەستپێشخەرییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئیستانبوڵ تاوتوێ دەکرێن."
پێشتریش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئامادەیی ئەنقەرەی بۆ میوانداریکردنی گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ لە ئیستانبوڵ دووپات کردبووەوە.
ڕووسیا و ئۆکرانیا پێشتر سێ گەڕی دانوستانی ڕاستەوخۆیان لە ئیستانبوڵ ئەنجام داوە، کە بووە هۆی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و ڕادەستکردنەوەی تەرمی سەربازانی ئۆکراینی. هەروەها هەردوو لا ڕەشنووسی یاداشتنامەی لێکگەیشتنیان بۆ چارەسەری کێشەکان ئاڵوگۆڕ کردووە.
لای خۆیەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لایەنە سیاسییەکانی چارەسەری لەگەڵ ئۆکرانیا. بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ هێشتا وەڵامی ئەو پێشنیازەی لە کیێڤەوە وەرنەگرتووەتەوە لە کاتی دانوستانەکانی ئیستانبوڵدا پێشکەشی کردبوو، سەبارەت بە پێکهێنانی سێ گرووپی کار بۆ چارەسەرکردنی پرسە مرۆیی، سەربازی و سیاسییەکان.
ڕووسیا چەندان جار ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی دووپات کردووەتەوە، بە مەرجێک کارنامەیەکی ڕوون و جەوهەری بۆ گفتوگۆکان هەبێت.
