بەردی بناغەی پرۆژەی ڕێگەی جووتسایدی نەهدارا - باعەدرێ دانرا
بەردی بناغەی پرۆژەی ڕێگەی جووتسایدی نەهدارا - باعەدرێ دانرا و یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی پارێزگای دهۆک و بە گوژمەی زیاتر لە 15 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پرۆژەی ڕێگەی جووتسایدی نەهدارا -باعەدرێ دەبێتە هۆی پێکەوە بەستنی جووتسایدی شێخان-لالش لەگەڵ جووتسایدی دهۆک-باعەدرێ، هەروەها پرۆژە شێخان زۆر لە دهۆکەوە نزیک دەکاتەوە، تەنانەت وەکوو گەڕەکێکی نزیکی دهۆکی لێ دەکات.
گوتیشی: لەگەڵ پرۆژەکەدا ڕێگەی شەش گوندی سنوورەکە قیر دەکرێت؛ هاوکات بە نزیکەیی ڕێگەی هەموو گوندەکانی سنووری شێخان ڕێگاکانیان قیرتاوکراوە.
هەروەها پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردبووە پرۆژەی جووتسایدی باعەدرێ - دهۆک لە جێبەجێ کردن دایە، کە درێژیی ڕێگاکە 26 کیلۆمەترە، بە شێوازێکی ستاندارد و بە دەستی کاری ناوخۆیی دروست دەکرێت. ئاماژەشی داوبوو بە تەواوبوونی پرۆژەکە تەواوی ڕێگای هەولێر - زاخۆ دەبێتە جووتساید.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاشیگەیاندبوو، سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
