خاوەن پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو: "گەشانەوە" پاڵپشتییەکی گرنگ بوو بۆ پەرەپێدانی کارەکەمان
پڕۆژەی "گەشانەوە" کە لە ساڵی 2023 لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، تایبەتە بە پێدانی قەرزی بچووک بە خاوەن پڕۆژەکان. لە قۆناغی یەکەمیدا، 25 گەنج لێی سوودمەند بوون و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە دەستپێبکات و پاڵپشتیی 100 پڕۆژەی دیکە بکرێت.
پڕۆژەیەکی سوودمەندبوو، کارگەیەکی زەیتە کە لە ساڵی 2019 دامەزراوە و لە ساڵی 2022 دەستی بە کار کردووە. ئەم کارگەیە دوای ساڵێک لە دەستبەکاربوونی، توانیویەتی ببێتە یەکێک لەو پڕۆژانەی کە لە پڕۆژەی "گەشانەوە" سوودمەند بوون. ئێستا زیاتر لە 25 کەس لە کارگەکەدا کار دەکەن و 101 جۆر زەیتی سروشتی بەرهەم دەهێنن.
چیا عەلی، بەڕێوەبەری کارگەکە، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "نزیکەی 101 جۆر زەیتی سروشتیمان هەیە، زەیتە سەرەکییەکان کە بۆ چێشتلێنان بەکاردێن بریتین لە زەیتی گوڵەبەڕۆژە، زەیتی زەیتوون، کونجی و گوێزی هیندی و چەندین جۆری دیکە."
چیا عەلی ئاماژەی بەوەش دا: "هەلی کارمان بۆ چەندین کەس ڕەخساندووە و بەنیازین لە داهاتوودا پاڵپشتیی زیاتر بکرێین، بۆ ئەوەی بتوانین کارگەکەمان زیاتر پەرەپێبدەین." ناوبراو دڵخۆشیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە وەرگرتنی پاڵپشتیی پڕۆژەی "گەشانەوە" و گوتی: "پاڵپشتییەکی دارایی باش بوو بۆ ئێمە و بووە هۆی پێشخستنی پڕۆژەکەمان."
ئەم کارگەیە خەونی چەند ساڵەی گەنجێک بوو کە پڕۆژەی "گەشانەوە" بۆی هێنایە دی و ئێستا سەرچاوەی داهات بۆ خۆی و چەندین کارمەندی دیکە دابین دەکات. هاوشێوەی ئەو، خەونی 25 گەنجی دیکەش هاتووەتە دی و بوونەتە خاوەنی پڕۆژەی خۆیان و لە ڕێگەی پڕۆژەی "گەشانەوە"وە لەسەر پێی خۆیان وەستاون.
ئامانج لە پڕۆژەی "گەشانەوە" کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پشتگیریکردنی گەنجانە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی تایبەتی خۆیان و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری. بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژەکە، گەنجان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان سوودمەند بوون.
نەهرۆ جەوهەر، جێگری بەڕێوەبەری پڕۆژەی "گەشانەوە"، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "ئەو پڕۆژانەی کە پاڵپشتیی دارایی کراون، تا 150 ملیۆن دینار عێراقییان وەرگرتووە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان." هەروەها گوتیشی: "پڕۆژەی گەشانەوە جگە لەوەی خاوەن پڕۆژەکان ڕاستەوخۆ سوودمەند دەبن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش چەندین هەلی کار دەڕەخسێنێت. لە داهاتوودا پلانمان وایە 100 پڕۆژەی دیکە پاڵپشتی بکەین و بەوەش هەزاران هەلی کار بڕەخسێت."
