دیندار زێباری: عێراق لەبەردەم بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەیە دەرهەق بە گەلی کوردستان کراون

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: عێراق کەوتووەتە بەردەم بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان کراون.

سەبارەت بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە تاوانی جینۆساید، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی خولی (48)ـی پانۆرامای خولی گشتگیر کە سەرەتای ئەم ساڵ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بەڕێوەچوو، ژمارەیەک وڵات ڕاسپاردەیان ئاراستەی کۆماری عێراق کرد بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان دابنێت، لە هەمان کاتدا عێراق بچێتە نێو سیستەمی بنەڕەتی ڕۆما بە مەبەستی دامەزراندنی دادگایەک بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەکان، وەک تاوانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی، کۆمەڵکوژی و تاوانی هێرش کردن، ئەم هەنگاوەش دەبێتە دەروازەیەک بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون.

زێباری گوتی:  دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 کۆتایی بە سیاسەتی جینۆسایدی دەوڵەت هات، بەڵام کارەساتەکە کۆتایی نەهات، تاوانەکانی داعش لە ساڵی 2014 دا بە تایبەتی دژ بە پێکهاتەی کوردی ئێزیدی لە شنگال، درێژەدان بوو بە هەمان ڕەفتاری پاکتاوکردنی ڕەگەزی. داعش بە شێوەیەکی سیستەماتێک، کوشتن و ڕفاندن و بە کۆیلەکردنی ئافرەتانی ئەنجامدا، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و ژمارەیەک وڵات و ڕێکخراو وەک جینۆساید ناسێنرا. 

سەبارەت بە ڕزگار کردنی ئێزیدییە ڕفێندراوەکانیش، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: لە کاتی هێرشی داعش بۆ شەنگال و دەوروبەری بە بەڵگە (6.417) حاڵەتی ڕفاندن تۆمار کراوە، بۆ ئازادکردنی ڕفێندراوەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزیدییە ڕفێندراوەکانی دامەزراند کە تا ئێستا (3.590) کەس ئازاد کراون و (2.827) کەسیش بێسەروشوێنن.

دیندار زێباری گوتیشی: هەزار و 80 ئافرەتی ڕزگاربوو ڕەوانەی ئەڵمانیا کراون، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێم بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، پڕۆژەیەکی دیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعشی دەستپێکردووە.

وەک زێباری گوتی: ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە گۆڕینی ئەو بەڵگەنامە ئەرشیفکراوانەی پەیوەستن بەو تاوانانەوە بۆ فۆرماتێکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو، لەم ڕووەوە دەیان هەزار دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش تایبەت بەو تاوانانەی کە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدراون دیکۆمێنت کراو، لەلایەکی دیکەوە زیاتر لە (57) گێگابایت لە بەڵگە و دۆکیومێنتى تاوانەکانى داعش لەلایەن یونیتاد لە ڕێگاى نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕادەستى حکوومەتى هەرێم کرانەوە، تایبەت بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ دادگایی کردنى تاوانبارانى داعش بە تۆمەتی ئەنجامدانى تاوانی نێودەوڵەتی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، فەڕەنسا ئامادەکاری دەکات لە مانگی ئازاری 2026 دادگاییکردنی غیابی سەبری ئەلسەید بکات کە هەڵگری ڕەگەزنامەی فەرەنسییە و یەکێکە لە تیرۆریستانی داعش بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید و تاوان دژی مرۆڤایەتی دەرهەق بە ئێزدییەکان لە نێوان ساڵانی (2014-2016). 

لەم بارەوە دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک بەسەر جینۆساید کردنی کوردانی ئێزدی، ئەم هەنگاوە پێشینەیەکی نوێی دادوەرییە کە لەسەر خاکی وڵاتی فەرەنسا ئەنجام دەدرێت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و جێگای خۆشحاڵییە.

 
 
Fly Erbil Advertisment