ئالان حەمە سەعید: 200 تەختەی زیرەک بۆ ژمارەیەک لە قوتابخانە حکوومیەکان دابین دەکرێت

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە بەهای 430 ملیۆن دینار، 200 تەختەی زیرەک (سمارت بۆرد) بۆ ژمارەیەک لە قوتابخانە حکوومیەکانی سەرجەم پارێزگان و ئیدارە سەربەخۆییەکانی کوردستان دابین دەکرێت.

دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک قۆناغی یەکەم بە بەهای 430 ملیۆن دینار، 200 تەختەی زیرەک (سمارت بۆرد) بۆ ژمارەیەک لە قوتابخانە حکوومیەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و زاخۆ و سۆران و ڕاپەرین و خوێندنی کوردی لە کەرکووک دابینکران.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوە کردووە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.

یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، پرۆژەی ڕووناکی گەورەترین کاریگەری لەسەر کەرتی پەروەردە و کوالێتی خوێندن دەبێت، بۆ نموونە، ئەگەر بمانەوێت سمارت بۆردێک لە قوتابخانە دابنێین کە پێشتر لەبەر کارەبا نەمان دەتوانی دایبنێن، ئێستا دەتوانین ئەو کارە بکەین چونکە کارەبا 24 کاتژمێرییە، بۆیە مامۆستایان ئێستا دەتوانێت بەهۆی پرۆژەی ڕووناکی، کار بە داتاشۆ و سمارت بۆرد بکەن کە پێشتر نە یان دەتوانی.

 
 
Fly Erbil Advertisment