یەكێتیی زانایان: حەوت مامۆستای ئایینی خۆیان بۆ هەڵبژاردن کاندید کردووە
                        گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەک مامۆستای ئایینی لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک خۆیان بۆ ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کاندید کردووە.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حەوت مامۆستای ئایینی لە هەرێمی کوردستان بە کەرکووکیشەوە، خۆیان کاندید کردووە، سەرجەمیان لە بواری ئایینی و کۆمەڵایەتی و گوتاربێژییەوە خزمەتی کۆمەڵگەیان کردووە.
هەروەها گوتی: لەو ژمارەیە پێنج مامۆستای ئایینی ئەندامی کارای یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامن، رۆڵیان هەبووە لە بایەخدان بە دروستبوونی هەستی نەتەوایەتیی و خزمەتکردنی تاکەکان.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوە دا، ئەو مامۆستایانە هەر یەکەیان بە گوێرەی پارێزگا و بازنەی خۆیان دابەشبوون.
پێشتریش بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، ژمارەیەک مامۆستای ئایینی خۆیان کاندید کردووە و ژمارەیەک لەوانە دەرچوون و بوونە پەرلەمانتار.
11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
