شاخەوان عەبدوڵڵا: گواستنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌با بۆ حه‌ویجه‌ سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: گواستنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌بای هه‌رسێ ناوچه‌ی دوبز و داقوق و شوان بۆ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای حه‌ویجه‌ سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە مانگی ئابی ئەمساڵ هۆشداریم دا، بەڵام لە باتی پشتگیریکردنی ئێمە، ژمارەیەک میدیای سێبەریان بەردا گیانی ئێمە، هەر بۆیە لە 28ـی تشرینی یەکەم، بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها گوتی: لەمە بەدوا هاووڵاتییەکی شارەدێی شوان بۆ بەستنی کارەبا یان هەر مامەڵەیەکی دیکە دەبێت سەردانی شارۆچکەی حەویجە بکات، هەر بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەم کارانە ببینینەوە و ڕێگری لێ بکەین، هەروەها نزیکەی هەزار پۆلیس گواستراونەتەوە لە کاتێکدا پارێزگار کوردە.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، بەڵێن دەدەین ئەم نا دادپەروەرییەی هەیە لە نێو فەرمانگەکانی کەرکووک، ڕاستی بکەینەوە و چیتر ڕێگە نەدەین ئەم ستەمە لە کورد بکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment