شاندی ئیمراڵی ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوکردەوە

شاندی ئیمراڵی ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان "زۆر ئەرێنی" بووە و ناوبراو جەختی لە بەهێزی هێشتنەوەی برایەتی و پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و تورک کردووەتەوە.

دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی؛ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە و، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەش، 04ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان "زۆر ئەرینێ بووە و نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە." ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێک کردووە، گرنگترینیان، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەیست بە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا. 

شاندی ئیمراڵی چەند خاڵێکی گرنگیان خستەڕوو کە تێیدا جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک دەکەنەوە.

شاندەکە ئاماژەی بەوە داوە، بۆ پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی، پێویستە گرنگییەکی زیاتر بە لایەنی مێژوویی و کۆمەڵناسی بدرێت. لەم چوارچێوەیەدا، پەیوەندی نێوان گەلی کورد و تورک وەک 2 پایەی 1000 ساڵەی ناوچەکە باسکراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، پێویستە ئەو پەیوەندییە مێژووییە پتەوتر بکرێت بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش.

 شاندەکە دووپاتی کردووەتەوە کە دەبێت هەنگاوەکان بە شێوەیەک بن کە چارەسەری کێشە هەنووکەییەکانیش لەخۆبگرێت و ڕێگا بۆ چارەسەرێکی گشتگیر خۆش بکات. هاوکات داوای کردووە، پرسی کورد بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لە چوارچێوەی یاسای کۆماری تورکیادا جێگەی بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، پێشنیازی دامەزراندنی پڕۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز کراوە کە وەک بناغەیەک بۆ چارەسەری یاسایی و دەستووری کار بکات. ئەم هەنگاوە بە پێویست زانراوە بۆ بەهێزکردنی کۆماری دیموکرات و مسۆگەرکردنی مافەکان.

لە کۆتاییدا، شاندەکە داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بە هەستیاری و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن. هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پڕۆسەی ئاشتی، پێویستە هەمووان بە گیانی لێکتێگەیشتن و بەرپرسیارێتییەوە هەنگاو بنێن.

لەبارەی تەندروستیی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەش، شاندەکەی دەم پارتی دووپاتی کردووەتەوە "تەندروستیی ئۆجەلان زۆر باش بوو و ورەشی زۆر بەرز بوو."

 

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ جاری سێیەم پێشوازی لە شاندی "ئیمراڵی"ی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد. 

کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تێیدا دوا پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.

شاندی دەم پارتی، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا کە "هەڵسەنگاندنی ورد"یان بۆ قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کردووە و بۆچوون و ڕاسپاردەکانی خۆیان خستووەتەڕوو. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، لەگەڵ ئەردۆغان گەیشتوونەتە "تێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگی" لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی پرۆسەکە "خێراتر و کاریگەرتر" بەڕێوەبچێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەنگاوێکی مێژووییدا، کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاندووە. ئەم بڕیارە دوای کۆنگرەی 12ـەمی پەکەکە دێت کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری درا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment