باخچەلی داوا دەکات کۆمیسیۆنی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە و دەمیرتاشیش ئازاد بکرێت

سەرۆکی گشتی مەهەپە جارێکی دیکە داوای کرد کۆمسیۆنی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە. هاوکات داوای ئازادکردنی دەمیرتاشیش دەکات. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 04ـی تشرینی دووەمی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا،  باسی لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کرد. 

لەبارەی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە دا "کۆمیسیۆنێک کە لەلایەن پەرلەمانەوە پێکهێنراوە، کارەکانی خۆی زۆر بە باشی ئەنجام دەدات و بەرەو کۆتایی دەچێت. جارێکی دیکە داوا دەکەم، شاندێکی کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئیمراڵی بکات و گوێ لە دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە بگرێت، ئێمە وەک مەهەپە ئامادەین بەشداری لەو شاندەدا بکەین."

باخچەلی باسی لەوەش کرد "لە دوایین پێشهاتیشدا، پەکەکە گرووپێکی چەکداری خۆی لەناو سنووری وڵاتەکەمان کشاندەوە، ئەمەش نیشانی دەدات کە پرۆسەکە بە ئەرێنی بەڕێوەدەچێت. دەمەوێت جەخت لەوەش بکەمەوە، سەبارەت بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، هیچ ناکۆکییەک لەنێوان پێکهاتەکانی هاوپەیمانیی کۆماردا نییە."

 

سەڵاحەددین دەمیرتاش لە زیندان (ئەرشیف)

 

باخچەلی داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد و دووپاتی کردەوە، ئازاکردنی ئەو، دەبێتە مایەیی خێر بۆ تورکیا. گوتیشی "ئەو پرۆسەیەی تورکیای بێ تیرۆر کە دەستمان پێکردووە، دەبێتە زەمینەی برایەتیی نەتەوەیی کورد و تورک هەتا قیامەت؛ دەبینین هەندێک لایەنی نابەرپرس دەیانەوێت پرۆسەکە تێک بدەن، بەڵام هەرگیز سەرناکەون. هەندێک دەزگای میدیایی دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە لەنێوان دەمیرتاش و ئۆجەلاندا لەسەر پرۆسەکە ناکۆکی هەیە، ئێمە دەزانین ئەوانە خزمەتی کێ دەکەن."

ئەمە لە کاتێکدایە، دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، تانەی تورکیای ڕەتکردووەتەوە، کە داوای پێداچوونەوەی بە بڕیاری دادگەکە بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش کردبوو.

 دەم پارتی لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارەکانی دادگە دەبێت دەمیرتاش و هاورێکانی بەبێ دواکەوتن ئازاد بکرێن و دووپاتیشی کردووەتەوە، ئیتر هیچ پاساوێک بۆ درێژەدان بەم بێ یاساییە نەماوە.

 هاوکات دەمیرتاش دوای بریارەکە ڕایگەیاندووە، بەو هیوایەی کە هەر هەنگاوێک دەنرێت خزمەت بە ئاشتی، ئارامی و خۆشگوزەرانی بکات و هیواشی خواستووە بە ئازادی بە هاووڵاتیان شاد ببێتەوە. 

 

 

دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی؛ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە و، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەش، 04ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان "زۆر ئەرینێ بووە و نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە." ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێک کردووە، گرنگترینیان، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەیست بە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا. 

شاندی ئیمراڵی چەند خاڵێکی گرنگیان خستەڕوو کە تێیدا جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک دەکەنەوە.

شاندەکە ئاماژەی بەوە داوە، بۆ پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی، پێویستە گرنگییەکی زیاتر بە لایەنی مێژوویی و کۆمەڵناسی بدرێت. لەم چوارچێوەیەدا، پەیوەندی نێوان گەلی کورد و تورک وەک 2 پایەی 1000 ساڵەی ناوچەکە باسکراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، پێویستە ئەو پەیوەندییە مێژووییە پتەوتر بکرێت بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش.

 شاندەکە دووپاتی کردووەتەوە کە دەبێت هەنگاوەکان بە شێوەیەک بن کە چارەسەری کێشە هەنووکەییەکانیش لەخۆبگرێت و ڕێگا بۆ چارەسەرێکی گشتگیر خۆش بکات. هاوکات داوای کردووە، پرسی کورد بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لە چوارچێوەی یاسای کۆماری تورکیادا جێگەی بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، پێشنیازی دامەزراندنی پڕۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز کراوە کە وەک بناغەیەک بۆ چارەسەری یاسایی و دەستووری کار بکات. ئەم هەنگاوە بە پێویست زانراوە بۆ بەهێزکردنی کۆماری دیموکرات و مسۆگەرکردنی مافەکان.

 

کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی

 

لە چوارچێوەی هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ جاری سێیەم پێشوازی لە شاندی "ئیمراڵی"ی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد. 

کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تێیدا دوا پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.

شاندی دەم پارتی، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا کە "هەڵسەنگاندنی ورد"یان بۆ قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کردووە و بۆچوون و ڕاسپاردەکانی خۆیان خستووەتەڕوو. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، لەگەڵ ئەردۆغان گەیشتوونەتە "تێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگی" لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی پرۆسەکە "خێراتر و کاریگەرتر" بەڕێوەبچێت.

 

 

بەرپرسانی پەکەکە ساتی ڕاگەیاندنی بڕیارەکە

 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەنگاوێکی مێژووییدا، کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە دوای کۆنگرەی 12ـەمی پەکەکە دێت کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری درا.

ڕۆژی یەکشەممە، 02ـی تشرینی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پێشوازی لەو هەنگاوەی پەکەکە کرد و جەختی کردەوە، لە ڕوانگەی ئەوانەوە، بڕیارەکە "ئەرێنی و زۆر زۆر گرنگە". هاوکات گوتی " ئاوات و چاوەڕوانیمان ئەوەیە ڕێکخراوەکە، هاوشێوەی تورکیا، لە عێراقیش کۆتایی بە کاری چەکداری و چالاکییەکانی بهێنێت."

هاکان فیدان داوای لە پەکەکە کرد، هێزەکانی لە هەموو ئەو شوێنانە بکشێنێتەوە کە لە نێو عێراق و سووریا کۆنترۆڵی کردوون و دووپاتی کردووە "کۆتایی پێهاتنی چالاکییەکانی پەکەکە لە سووریا و عێراق و ئێران گرنگە".

دەربارەی هەماهەنگییان لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی، هاکان فیدان باسی لەوە کرد "هەم بەغدا و هەم هەولێر، لە نزیکەوە لەگەڵ ئێمە لە هاریکاریدان".

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment