دیک چینی، جێگری پێشووتری سەرۆکی ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد
دیک چینی، جێگری پێشووتری سەرۆکی ئەمەریکا، لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
جەیک شێرمان، پەیامنێری "پانچبۆڵ نیوز"، ئەمڕۆ سێشەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس هەواڵی کۆچی دوایی دیک چینی، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکای ڕاگەیاند.
خێزانەکەی چینی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە و ڕایانگەیاند، ناوبراو شەوی دووشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2025، لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. هۆکاری مردنەکەشی بۆ "ئاڵۆزییەکانی هەوکردنی سییەکان و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان" گەڕاندەوە.
دیک چینی، کە 46مین جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆرج دەبلیو بوشدا، بە یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین جێگرە سەرۆکەکان لە مێژووی ئەمەریکادا دادەنرێت. ناوبراو دەیان ساڵ بوو بەدەست نەخۆشیی دڵەوە گرفتاربوو و پێنج جار تووشی جەڵتەی دڵ ببوو، هەروەها لە ساڵی 2012دا نەشتەرگەریی چاندنی دڵی بۆ کرابوو. ئەمڕۆ 4ـی تشرینی دووەمی 2025، لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
