وەزیرانی ناوخۆ و هەرێم دەچنە پەرلەمان
وەزیری ناوخۆ و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا دەچنە پەرلەمان
K24- هەولێر:
بریارە رۆژی دووشەممەی ئەم ھەفتەیە ھەردوو وەزیری ناوخۆ و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا بچنە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان کۆببنەوە.
جوان یونس رۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممەی ئەم ھەفتەیە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا، لە لایەن لیژنەکەمان میوانداریی بکرێن.
گوتشی، کۆبونەوەکە بۆ روونکردنەوە و گفتوگۆکردنە لەبارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی ھەولێر و بەغدا بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال، هەروەها کات و چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بۆ ئەندامانی لیژنەکە دەخەنەڕوو؛ بە گشتیش باسی ھەنگاوەکانی ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچەکوردستانییەکان دەکرێت.